دانا عەبدولکەریم: لەم کابینەیە بە گوژمەی زیاتر لە 900 ملیار دینار پرۆژەی ڕێگەوبان جێبەجێ کراون

دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ماوەی دەست بەکاربوونی کابینەی نویەم 240 پرۆژەی ڕێگەوبان بە گوژمەی زیاتر لە 900 ملیار دینار جێبەجێ کراون.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە، لە میانەی بەسەرکردنەوەی کارەکانی شەقامی دوو سایدی دەربەندیخان – کەلار بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ئەم پرۆژەیە یەکێکە لە پرۆژە ستراتیجییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەشێکە لە شەقامی سەرەکیی سلێمانی – گەرمیان کە هەر سایدێکی 40 کیلۆمەترە و بە هەردوولاکەی دەبێتە 80 کیلۆمەتر و نزیکەی 57 کیلۆمەتری تەواو کراوە، بەمەش ڕێژەی جێبەجێکردنی پرۆژەکە نزیکەی 80%ە.

هەروەها ئاماژەی داوە، بە درێژایی شەقامەکە، زیاتر لە 35 پرد هەیە، کە بەشێکی زۆریان تەواو کراوون و ئەگەر گرفتی دارایی نەیەتە پێش تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ پرۆژەکە تەواو دەکرێت.

لە بارەی گرفتەکانی پرۆژەی شەقامی وارماوە-دەربەندیخان، وەزیری ئاوەدانکردنەوە ڕایگەیاند، گرفتی سەرەکیی پرۆژە پەیوەندی بە کۆمپانیای جێبەجێکارەوە هەیە، هۆشدارییەکمان بە کۆمپانیاکە داوە ئەگەر لەو ماوەیەی بۆمان دیاری کردووە دەست بەکارەکانی نەکاتەوە، ئەو ناچارین ڕێکاری یاسایی بەرانبەری بگرینەبەر و پرۆژەکەی لێ وەربگرینەوە و ڕادەستی کۆمپانیایەکی دیکەی بکەین بۆ جێبەجێ کردنی.

هەروەها ئەگەر بودجەی وەبەرهێنان بۆ هەرێمی کوردستان خەرج بکات و بنێرێت، ئەوە تەواوی پرۆژەکانی ساڵی 2024 ئەوانەی کارکردن تیایاندا وەستێنراوە، یان جێبەجێ نەکراوە، دەست بە جێبەجێکردنیان دەکرێت.

لە دوای جەژنی قوربانیشەوە پرۆژەی شەقامی دوکان – چوار قوڕنە، دەست پێ دەکاتەوە.

دڵخوازەكانتان