سەرۆك بارزانی و باڵیۆزی فەڕەنسا جەختیان لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردی پەرلەمانی كوردستان كردەوە

سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە پاتریک دۆرێل باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا باس لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و ئالنگاریی و ئاستەنگەکانی بەردەم سەقامگیری ناوچەکە کرا.

هەر لەو دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا و بەردەوامی و بەرەوپێشەوە بردنی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەردوولا بە گرینگ زانرا.

هەروەها سەرۆک بارزانی سوپاسی فەڕەنسای کرد و ئاماژەی بەوە دا کە گەلی کوردستان هەرگیز ڕۆلی دۆستانە و ئیجابی گەل و حکوومەتی فەڕەنسا لەبیر ناکات کە لە قۆناغە سەختەکاندا هاوسۆز و پاڵپشتی گەلی کوردستان بوون، و هەروەها باسی لە هەڵوێستی سەرۆک فرانسوا میتران کرد لە پشتگیری و بەدەنگەوەهاتنی گەلی کورد لە ساڵی 1991 و هەوڵدانیان لە دەرکردنی بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاسایش و دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام و پاراستنی گەلی کوردستان.

لە کۆتایی دیدارەکەدا باس لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا کە بڕیارە ئەمساڵ ئەنجام بدرێت و جەخت لە پێویستیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کرایەوە.

دڵخوازەكانتان