كه‌پیتاڵیزم كۆتایی مێژووه
هیوا ئەحمەد
مەبەست لە چه‌مكی كۆتای مێژوو كۆتا فۆڕمی قۆناغی گەشەسەندنی كۆمەڵگای مرۆڤایەتیە، كە ئایدۆلوژیا یان سیستەمێك به باشترین داده‌نرێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی جیهان، لای كارل ماركس یۆتۆپیای كۆتایی مێژوو كۆتای هاتنی چینایه‌تی بوو، كه مه‌به‌ستی به‌دیهاتنی یه‌كسانی بوو له نێوان خانەدانە موڵكدارەكان و كرێكاراندا.
ئایدۆلۆژیای كۆمۆنیستی وه‌ك تیۆر یه‌كێك بوو له هزرە باشه‌كان، له سه‌رانسه‌ری جیهاندا به ملیۆنان شوێنكه‌وته‌ی هه‌بوو، به‌ڵام له پراكتیزه‌كردندا نه‌ك یه‌كسانی به‌دینه‌هێنا، به‌ڵكو جیاوازی چینایه‌تیه‌كان، له چه‌ندایه‌تی چۆنایه‌تیشدا هه‌بوو، وە نەیارە سەرەكییەكەی كۆمۆنیزم بیری لیبراڵیزمە، گه‌رچی لیبراڵیزم به تێپه‌ڕبوونی كات به‌ره‌و پێشچووه و قاڵبی گرتووه، بنه‌مای تێوره‌كه، له لایه‌ن جۆن لوك و دواتریش جان ژاك ڕۆسۆ و جۆن ستۆرات په‌ره‌ی پێداروه، هه‌رچه‌نده ناوی ئاده‌م سمیسیش له‌گه‌ڵ ئه‌وندا دێت، به‌ڵام كرۆكی كتێبه‌ی ئادەم سمیس “لێكۆڵینەوەیەك لە سروشت و هۆكارەكانی سامانی گەلان” (ئابوری گه‌لان) جه‌خت له‌سه‌ر ئابووری مۆدێرن و دابەشكردنی كار و ڕۆڵی پسپۆڕی و ئازادی سه‌رمایه‌داری و موڵكداری تایبەت دەكاتەوە، پێی وایە ئەمانە كۆمەڵگا بەرەو پێش دەبات، وە زۆر جار لیبراڵیزم و كه‌پیتاڵیزم وه‌ك دووانه‌یه‌ك پێكەوە ناودەهێنرێن، گەرچی له واقیعدا جیاوازن لیبراڵیزم ئایدۆلۆژیایه، كه‌پیتاڵیزم ته‌نها سیسته‌مه‌ێكی ڕوته.
فۆكۆیاما سیاسی و نوسه‌ری یابانی-ئه‌مریكی پێی وایە كۆتا خاڵی پەرەسەندنی ئایدۆلۆژیای مرۆڤ، دیموكراسی لیبراڵ و بازاڕی ئازدە، ئەمەش بەكۆتایی میژوو ناو دەبات.
به په‌ره‌سه‌ندنی خێرای زانستی ته‌كنۆلۆژیا، كه‌پیتاڵیزم كوده‌تا به‌سه‌ر لیبراڵیزمی برای جومگه‌كه‌یدا ده‌كات و ده‌بێت به تاقه سیسته‌می جیهان یووڤاڵ نووح حه‌راری ئه‌م ئاڵانگارییه جیهانیه به (پۆست لیبراڵیزم) ناو ده‌بات، وه چاودێرانیش هه‌ر چه‌مكێكی تری بۆ دابتاشن، له داهاتووی نزیكدا زیره‌كی ده‌ستكرد(AI) ده‌كه‌وێته خزمه‌تی سیسته‌م و كه‌پیتاڵیزم كه‌پیته‌ڵتری ده‌كات.
لە ئێستادا سه‌رمایه‌داره‌كان پاره‌یه‌كی زۆریان ته‌ر‌خانكردووه بۆ دروستكردنی چیپێكی زیره‌ك، كه ده‌خرێته ژێر پیستی مرۆڤه‌وه و زانیاری و ئامۆژگاری پێشكه‌ش ده‌كات، له دیارترینیان، (دكتۆر پیته‌ر ژوو) له كۆمپانیای(ڤێری چیپ كۆڕپۆره‌یشن) نزیكه له به‌رهه‌مهێنانی (چیپ)ی زیره‌ك، وه زۆر هه‌وڵی تریش هه‌یه له‌و باره‌یه‌وه بەشێوازی جیاوازتر لە چیپە زیرەكەكان، بۆ ئاراستەكردنی مرۆڤ، تا ئێره ده‌كرێت به وه‌رچه‌رخانێكی زانستی ناو ببرێت، به‌ڵام هه‌ر ئه‌ونده‌ی مایكرۆچیپ یان زیرەكییە دیجیتاڵییەكان متمانه‌ی مرۆڤیان به‌ده‌ستهێنا، ده‌بن به بڕیارده‌ری مرۆڤ.
ئایا چیپه زیره‌كه‌كان متمانه‌ی مرۆڤ به‌ده‌ست ده‌هێنن؟ كاتێك دەبینین، له ڕێگه‌ی ڕاپرسیه‌كه‌وه ئه‌وه ئاشكرا كرا، ئه‌گه‌ر لۆگاریتمێكی گۆگڵ په‌نجا كۆمێنتی به‌كارهێنه‌رێكی ئه‌په‌كان بخوێنێته‌وه، ئه‌وه لۆگاریتمه‌كه ده‌توانێت ناساندنێك بكات بۆ به‌كارهێنه‌ره‌كه له ناساندنی هاوڕێكانی باشتربێت، ئەگەر ئاستی زیره‌كیه ده‌ستكرده‌كان ئەوندە بەرزبێت، بێگومان دەتوانن متمانه‌ی مرۆڤ به‌ده‌ستبهێنن.
كاتێك مرۆڤ بۆ بڕیاره‌كانی پشت به چیپه زیره‌كه‌ی ده‌به‌ستێت، ئه‌و كاته له ده‌نگداندا ڕاوێژ به چیپه‌كه‌ی ده‌كات، ده‌نگ به‌كێ بدات، وه هه‌مووان ئیعازی بڕیاره‌كانیان له چیپه‌كانه‌وه وه‌رده‌گرن، چپیه‌كانی هه‌مان ئاستی ڤێرژن زیره‌كیه‌كه‌یان یه‌كسانه، به‌و پێیه‌ش ده‌كرێت چینێكی كۆمه‌ڵگا وه‌ك یه‌ك بیر بكه‌نه‌وه.
مافی ده‌نگدان و تاك گه‌رایی و ئازادی بیروڕای كه‌سی بۆ مرڤه‌كان، له بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی لیبراڵیزمه، ئه‌گه‌ر چیپه‌كان له جێگه‌ی مرۆڤ ئه‌و بنامایانه‌ی پیاده‌كرد، ئه‌وه كۆتای لیبراڵیزم حه‌تمی ده‌بێت بەم شێوازەی ئێستا.
كه‌پیتاڵیزم ته‌نها به سڕینەوەی لیبراڵیزم ڕازی نابێت، به‌ڵكو هزری مرۆڤ ده‌كات به ماركێتی سه‌رمایه گوزاری خۆی.
چپیه‌كان لەلایەن سیسته‌مێكی ئۆرێڵ لاینه‌وە كۆنترۆڵكراون، چاودێری ده‌كرێن و فه‌رمان ده‌نێرن، ده‌كرێت له هه‌ڵبژاردندا بۆندێك له‌گه‌ڵ سیاسیه‌كه‌كان بكات و ئامۆژگاری به‌كارهێنه‌رانی بكات ده‌نگی به فڵان پارت بده‌ن، یاخود چیپه‌كه ئامۆژگاریت ده‌كا، فلان بڕاند و فڵان ماركه بكڕن،…هتد
ئه‌م بابه‌ته پۆینتێكی بچوكه له‌و ئالانگاریه گه‌وره‌ی جیهان، بۆ ئاشنابوونی مرۆڤایه‌تی له پێشهاته‌كانی داهاتوو، پێویستی به توێژینه‌وه‌ی ورد و ئه‌كادیمیانه هه‌یه، چونكه چپیه‌كه به جۆرێك پێشكه‌وتووه ده‌ستده‌گرێت به‌سه‌ر زیره‌كی مرۆڤایه‌تیدا. چیپه‌كان خۆشیان كۆنتڕۆڵكراون له لایه‌ن كه‌مینه‌یه‌كه‌وه، وه‌ك زۆنی تەكنەلۆژیایی ئەمریكی(دۆڵی سلیكۆن)، یان دەستەبژێرێك.
( ده‌یڤید ئا‌یك) له كتێبی (تۆری جاڵجاڵۆكه‌یی) زۆر بە وردی باسی بەڕێوەبردنی جیهان دەكات لە لایەن دەستەیەكەوە ئەو ناویان دەبات به ئیخوانی بابلی، یاخود له لایه‌ن(دۆڵی سلیكۆن).
لەلایەن هەرگروپ و دەستەیەكەوە بێت لە داهاتویەكی نزیكدا، مرۆڤایەتی شاهیدی بینینی مۆری كۆتایی له بیری سه‌ربه‌خۆیی و كۆتایی مرۆڤی باڵا ده‌بێت.