مووچەی مانگی ئایاری بەشێکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرجکرا

وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی ئایاری بەشێکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی خەرج کرد. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 06-06-2024، وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایار (پێنج)ـی (کەمئەندامان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، فەرمانبەرانی خانەنشینی مەدەنی و سەربازیی، شەهیدان و کاروباری ئەنفال، گرێبەستەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکان)ـی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوە، وەزارەتی دارایی عێراق تاوەکوو ئێستا فەرمانی بە خەرجکردنی مووچەی مانگی چوار و پێنجی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی دەرنەکردووە.

وەزارەتی دارایی عێراق ڕۆژی سێشەممە، 14-05-2024، 168 ملیار دینار و ڕۆژی چوارشەممەش، 15-05-2024، 443 ملیاری وەکو مووچەی مانگی نیسان (چوار)ـی بەشێکی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانی خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق؛ بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی نیسانی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی نەناردووە.

ڕۆژی یەکشەممە، 02-06-2024، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، “دواکەوتنی ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان لەلایەن بەغداوە، ستەمە و هیچ ڕەوایەتییەکی نییە. دەبووایە ئێستا سەرەڕای دابەشکردنی مووچەیەک، مووچەخۆران پێش جەژنی قوربانی چاوەڕێی مووچەیەکی دیکە بوونایە”.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.

دڵخوازەكانتان