کەمال موسلیم: بەبێ پسولەی وەزارەتی کشتوکاڵ گەنم لە هیچ جووتیارێک وەرناگیرێت

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە پسولەیان پیدەدرێت بۆ ڕادەستکردنی گەنم بە سایلۆکان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ـی حوزەیرانی 2024، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەوڵمانداوە ئەو گیروگرفتانە لاببەین و چارەسەر بکەین کە لەبەردەم جووتیارانی هەرێمی کوردستانە، پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوەوە پسولەیان پێدەدرێت.

ئەو وەزیرە گوتی، “ئێمە جەخت لەسەر ئەو پسولانە دەکەین، بۆیە داواکارین هەر جووتیارێک بیەوێت گەنمەکەی ڕادەستی ئێمە بکات، دەبێت پسولەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی پێبێت، بەبێ ئەو پسولە ئێمە ناتوانین گەنم لە هیچ کەسێک وەربگرین”.

کەمال موسلیم ڕاشیگەیاند، “ئامادەکاریمان کردووە و هەموو ئاسانکارییەکیش بۆ جووتیاران دەکەین، هیوادارین ئەوانیش هاوکارمان بن”.

لای خۆیەوە بێگەرد تەڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕایگەیاند، ” چەندین مانگە بەبێ ماندووبوون کارمان کردووە، عێراق پێویستی بە هەرچی دۆکیۆمێنت بووبێت ڕەوانمان کردووە، هەروەها تیممان ناردووەتە بەغدا بۆ ئەوەی دۆکیۆمێنتەکان ببەن، چاوەڕێ دەکرێت وەزارەتی بازرگانی دەرگای سایلۆکان بکاتەوە.”

وەزیرەکەی کشتوکاڵ دەشڵێت، بەگوێرەی ئەو داتا سەتەلایتەی کە پێوانەی ڕووبەری داچێنراومان کردووە، بۆ دوو ملیۆن و 955 هەزار دۆنم زەوی، پێشبینی دەکەین ملیۆنێک و 200 بۆ ملیۆنێک و 500 هەزار تۆن گەنممان هەبێت، بەڵام بەهۆی فیدباکی جووتیاران کە چەند بارانێکی ئەو دواییە و سووتانی بەشێک لەزەوی جووتیاران کاریگەری هەبووە.

ڕاشیگەیاند، هەموو ساڵێک لە 1-6 دەرگای سایلۆکان دەکرێتەوە، بەڵام ئەمساڵ 2 بۆ 3 ڕۆژ بەراورد بەساڵی پار درەنگترە، ڕاشیگەیاند، ئێمە وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ کەمتەرخەم نین، لە مانگی یەکەوە داوای هاتنی لیژنەی کشتوکاڵی عێراقیمان کردووە بۆ ئەوەی پشکنینی مەیدانی بکات، بەڵام خۆیان دواکەوتوون، هەروەها داوای کۆبوونەوەی لیژنەی 57مان کردووە کە سەرۆکی لیژنەکە وەزیری کشتوکاڵی عێراقە، بەڵام ئەوان دواکەوتوون و نەهاتوون تاوەکو دانووستان بکەین.

دڵخوازەكانتان