لە گەرمیان بەردی بناغەی چەند پرۆژەیەک بە گوژمەی نزیک لە 7 ملیار دینار دانرا

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە گەرمیان بەردی بناغەی چەند پرۆژەیەک بە گوژمەی نزیک لە حەوت ملیار دینار دادەنرێت و خزمەتێکی بەرچاو بە 12 گوندی سنوورەکە دەکات و ڕاستەوخۆ دەیانبەسێتەوە بە کفرییەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی ئایاری 2024، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەک لە ئیدارەی گەرمیان دادەنێین کە خزمەتێکی بەرچاو بە 12 گوندی سنوورەکە دەکات و ڕاستەوخۆ دەیانبەسێتەوە بە کفری. ئەو گوندنشینانە ناچاربوون زیاتر لە 20 کیلۆمەتر  ببڕن تاکوو بچنە کەلار و لەوێوە بۆ کفری. 

بەگوتەی وەزیری ئاوەدانکردنەوە: “ڕێگەوبانەکان بڕبڕەی پشتی ئابووریی هەموو وڵاتێکن، بۆیە دەبێت بزانین تا چەند بایەخ بە ڕێگەوبان دەدەین و ڕێگەوبانی نوێ دروست بکەین و پارێزگاریی لە ڕێگەوبانەکان دەکەین بۆ ئەوەی لە خزمەتی هاووڵاتییاندا بن، هەروەها بۆ پێشکەوتنی ئابووریی وڵات”.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە ئەوەشی گوت: “بەدەر لە هەموو ئەمانە کە ئەو پرۆژانە خزمەتێکی سەرەکیی دەبێت بۆ هاووڵاتییان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون، خزمەتی دیکە پێشکەش بە خەڵکی کوردستانی دەکات”.

“ئەم پرۆژەیە بە گوژمەی زیاتر لە شەش ملیار و 300 ملیۆن دینار، بە نزیکی کارگێڕی و یەدەگییەوە، نزیک دەبێتەوە لە حەوت ملیار دینار، دەچێتە خزمەتی هاووڵاتییانی ئەم سنوورە کە تێیدا دادەنیشن، هەروەها وا پێویستە لەماوەی 400 ڕۆژدا  تەواو بکرێت”. دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە وا دەڵێت.

ڕاشیگەیاند، “درێژی پڕۆژەکە نزیکەی 24 کیلۆمەتر ڕێگەیە، واتە ڕێگەیەکی ستراتیجیی گرنگ و گەورەیە. لەبەر ئەوە پڕۆژەیەکی هەستییارە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان”.

دڵخوازەكانتان