سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دەنگی کورد بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق یەکلاکەرەوە دەبێت. ئاماژە بەوەش دەدات، دەنگی شیعەکان بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون و دەنگ بە کاندیدایەکی هاوبەش نادەن.
ئەمڕۆ شەممە، 18-05-2024، ڕێبوار هادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق؛ وتی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بڕیاربوو کاتژمێر 01:00ـی دوانیوەڕۆ دەست پێ بکات، بەڵام بەهۆی تەواو نەبوونی ڕێژەی یاسایی، بۆ کاتژمێر 01:30 دواخرا. دانیشتنەکە لە سێ تەوەر پێک دێت؛ خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای پشووە فەرمییەکان، دووەم خوێندنەوە بۆ هەمواریی دووەمی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق.