جێفری پایت: قەبارەی وزەی هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی وزەی هەموو عێراق گرنگە

جێفری پایت، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری وزە ڕایگەیاند، بە پەرۆشم جارێکی دیکە لە ئەمەریکا پێشوازیی لە مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بکەم و بەردەوام بین لە کارکردن لەسەر ئامانجێک کە بۆ من پەیوەندییەکی زۆر گرنگە. ڕاشیگەیاند، هەرێمی کوردستان وەک ئۆکلاهۆمایەکی بچووک وایە و قەبارەی وزەی هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی وزەی هەموو عێراق گرنگە.

جێفری پایت، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری وزە دوای ئەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و دواتر سەردانی وێستگەکانی کارەبای ماس گڵۆبەڵ لە شارەدێی پیرداود و خۆرمەڵەیان کرد کە لەلایەن هەردوو کۆمپانیای کار گرووپ و ماس کاریان تێدا دەکرێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، نەوت و گاز.

 “هەرێمی کوردستان وەک ئۆکلاهۆمایەکی بچووک وایە”

“لەڕووی قەبارەی وزەی ئەم ناوچەیە کە بۆ سەربەخۆیی وزەی هەموو عێراق گرنگە”

جێفری پایت گوتی: زۆر سوپاس بۆ مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران بۆ بانگهێشتکردنی من و باڵیۆز ڕۆمانۆوسکی بۆ بینینی بەشێک لە هەرێمی کوردستانی عێراق. پێویستە بڵێم سەردانەکەی ئەمڕۆ کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر من هەیە، لەڕووی قەبارەی وزەی ئەم ناوچەیە کە بۆ سەربەخۆیی وزەی هەموو عێراق گرنگە، جگە لەوەش بینینی ئەو ڕاستییەی کە هەموومان تا ئاستێک بە هەمان ئاستەنگەکاندا تێدەپەڕین. من لە کۆبوونەوەکەماندا وتم، ئێرە لەبەرچاومدا وەک ئۆکلاهۆمایەکی بچووک وایە، زۆرێک لە ناوچەکانی بەرهەمهێنانی نەوتمان لە ئەمەریکا بیر دەخاتەوە.

هەروەها ڕایگەیاند، خۆشحاڵ بووم کە توانیمان ڕۆژەکە بە بینینی وێستگەی ماس  گڵۆباڵ دەست پێ بکەین، کە یەکێکە لە گرنگترین هاوبەشە جیهانییەکانی جی ئی ڤێرنۆڤا ئەویش لە پێشکەوتووترین کۆمپانیاکانی وزەی پاک، ئاسایشی وزەی گواستنەوەی وزەمانە.

گوتیشی: مایەی هاندان بوو بۆ ئێمە کە لە ماس گڵۆباڵەوە گوێبیستی ئەوە بووین لە هەرێمی کوردستان و لە سەرتاسەری جیهاندا تا ئەوروپاش چی دەکەن. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە چۆن پیشەسازیی وزەی ئەم ناوچەیە دەگاتە ستانداردە جیهانییەکان. هەمان شت بۆ خورمەڵەش ڕاستە و دەمەوێت سوپاسی شێخ باز بکەم کە باسی لە کارەکانی ئەم کارگەیەی کرد  و چیرۆکی ئیلهامبەخشی ئەو کارسازیی و گەشەکردن و خۆشگوزەرانیی ئابوورییەی گێڕایەوە کە ئەم دامەزراوەیە نوێنەرایەتی دەکات.

 جێفری پایت ئاماژەی دا، زۆر جێی خۆشحاڵییە کە لە شێخ بازەوە دەبیستین کە گرووپەکە چی دەکات بۆ باشتر ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەریی بەرهەمهێنەرانی نەوت و گاز لەسەر کەشوهەوا لە ڕێگەی کەمکردنەوەی گازی زیانبەخش و ڕاگرتنی سووتاندنی گازەکان. ئەمە ڕێک ئەو بابەتەیە کە من و باڵیۆز ڕۆمانۆوسکی لەگەڵ محەممەد شییاع سەرۆکوەزیران و وەزیرەکانی عێراق گفتوگۆمان لەبارەیەوە کرد.

” ئەمەریکا چەندین ساڵە پشتیوانیی لە عێراقێک دەکات سەروەریی و دیموکراسییەتی بەرەو پێشەوە ببات”.

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری وزە ڕایگەیاند، عێراق یەکێکە لە گرنگترین بەرهەمهێنەرانی وزە لە جیهاندا، توانای ئەوەی هەیە کە لە بەکارهێنانی ئەو سەرچاوانەدا زۆر کاراتر بێت، بە شێوەیەک کە سوود بە هەموو هاوڵاتییانی بگەیەنێت و توانای خودبەرهەمهێنی و توانای کۆمپانیا عێراقییەکان بە کۆمپانیاکانی کوردستانیشەوە زیاد بکات بۆ پێشکەشکردنی ئەو خزمەتگوزارییەی کە هاوڵاتیانی عێراقی شایەنین.

گوتیشی: بۆ بەرهەمهێنانی ژینگەی لەبار و کاریگەریی ژینگەیی بەرهەمهێنانی ئەو دەسەڵاتە و بەکارهێنانی وەک ئامێرێک بۆ بنیاتنانی ئەوەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا چەندین ساڵە هەوڵی بۆ داوە پشتیوانیی لێ بکات، ئەویش عێراقێکە کە سەروەرە و پێشکەوتووە و دیموکراسییەکەی بەرەو پێشەوە دەبات.

هەروەها ڕایگەیاند، یەکەم سەردانمە بۆ هەولێر و ئەوەی لەم سەردانەی دەستم کەوتووە، هەستێکی بەهێزە بۆ بایەخی ئەو کارەی کە کونسوڵی گشتیی ئێمە لێرە دەیکات و ئەو کارەی کە دەزانم باڵیۆزخانەکەمان لە بەغدا پشتگیریی دەکات لە ڕووی دروستکردنی پەیوەندی بازرگانییەوە. گرنگ بوو کاتێک سەرۆکوەزیرانی عێراق لەم دواییانەدا لە ئەمەریکا بوو و سەردانی شاری هیوستنی  کرد کە پایتەختی وزەی ئەمەریکایە و هەموو ئەوەی ئەمڕۆ لەبەردەممان دەیبینین بەشێکە لە ژیانی ئەوان.

“بە پەرۆشم جارێکی دیکە لە ئەمەریکا پێشوازی لە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بکەم”

جێفری پایت گوتیشی: ئێمە زۆر بە پەرۆشین سەبارەت بە دەرفەتەکان بۆ بەردەوامبوون لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکی زۆر بەهێزی خزمەتگوزارییەکانی پەیوەست بە وزە لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و عێراق، بەڵام بە تایبەتی لێرە، لە هەرێمی کوردستانی عێراق، کە هاوبەشمان هەیە بایەخێکی زۆر دەدەن بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، شوێنێک کە هاوتا پیشەسازییەکانمان تێ دەگەن چۆن کۆمپانیا ئەمریکییەکان کار دەکەن و چۆن بەرژەوەندی هاوبەشمان هەیە لە بنیاتنانی خۆشگوزەرانی و سەقامگیری و بەردەوامیی.

هەر لە قسەکانیدا ئاماژەی دا، بە پەرۆشم بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەم دەرفەتانە و بە پەرۆشم بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێشوازیی لە سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی بکەم و بەردەوام بین لە کارکردن لەسەر شتێک کە بۆ من پەیوەندییەکی زۆر گرنگە. هەروەها لایەنێکی زۆر گرنگی پەیوەندییە گشتییەکانمانە لەگەڵ عێراق، بۆیە زۆر سوپاس و من زۆر پەرۆشم بۆ بەردەوامبوون لە کارەکانمان و دەزانم تیمەکەشم کە لە واشنتنەوە سەردانیان کردووە بە هەمان شێواز خۆشحاڵی و پابەندبوونی من دووپات دەکەنەوە بۆ بەردەوامیی لە جەخت خستنەسەر ئەو کارەی کە پێویستە پێکەوە لەم بوارەدا بیکەین.

دڵخوازەكانتان