کۆمیسیۆنی عێراق دەستپێکردنەوەی پرۆسەی بایۆمەتری لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند

بەرپرسی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەستپێکردنەوەی پرۆسەی بایۆمەتری لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند. پشکنینی پەنجەمۆریش بۆ سەرجەم ئەو دەنگدەرانە دەکرێت کە پەنجەمۆریان نایخوێنێتەوە.

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16-05-2024، مەروان محەممەد، بەرپرسی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، پرۆسەی تۆمار و نوێکردنەوەی بایۆمەتری لە هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان دەستی پێ کردەوە.
کۆمیسیۆنی عێراق ڕۆژی 01-02-2024، پرۆسەی تۆمار و نوێکردنەوەی بایۆمەتری بۆ دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان دەست پێ کرد و تاوەکو 10-03-2024 بەردەوام بوو. لەو ماوەیەدا زیاتر لە 109 هەزار دەنگدەر ناوی خۆیان تۆمار کرد؛ لە هەولێر 54 هەزار، دهۆک 24 هەزار و لە سلێمانیش زیاتر لە 30 هەزار 472 دەنگدەر. هەروەها زیاتر لە 10 هەزار کارتی بایۆمەتری دابەش کران.
بە گوتەی بەرپرسی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق؛ هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی تۆمار و نوێکردنەوەی بایۆمەتری، پشکنینی پەنجەمۆر بۆ سەرجەم ئەو دەنگدەرانە لە هەرێمی کوردستان دەکرێت کە پەنجەمۆریان نایخوێنێتەوە بۆ ئەو مەبەستەش داوا لە دەنگدەران دەکات سەردانی ناوەندەکانی کۆمیسیۆن بکەن.
بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و بەشداریینەکردنی پارتی لە هەڵبژاردن
رۆژی 22-02-2024، دادگەى باڵاى فیدراڵىی عێراق 11 کورسی کۆتای پێکهاتەکانى لە پەرلەمانى کوردستان هەڵوەشاندەوە و بە نادەستووریی ناساندن. 11 کورسییەکە بەم شێوەیە بەسەر پێکهاتەکاندا دابەشکرابوون: پێنج کورسی بۆ کریستیان، پێنج کورسی بۆ کۆتای تورکمان و یەک کورسیش بۆ کۆتای ئەرمەن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 10-06-2024ـی بۆ بەڕێوەچوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان کردووە، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری داوە بەهۆی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی 11 کورسییەکەی کۆتای پەرلەمانی کوردستان و “دەستێوەردانی دەرەکی و ئامادەکردنی دیزاینی پێشوەختە بۆ هەڵبژاردنەکە” بەشداریی پرۆسەکە نەکات.
هەروەها پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێک لە هۆکارەکانی دیکەی بەشدارینەکردنی لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران گەڕاندبووەوە.
سکاڵاکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دادگای فیدراڵی
ڕۆژی یەکشەممە، 06-05-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بریکارەکەیەوە، پارێزەر ئەیاد کاکەیی، سکاڵایەکی لە دژی سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە دادگای فیدراڵی تۆمارکرد.
سکاڵاکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیوەندیی بە دوو خاڵەوە هەیە؛ ڕێکارەکانی دابەشکردنی 100 کورسیی پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی 11  کورسییەکەی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان. سەرۆکوەزیران داوای کردووە دادگاکە ئەو دابەشکارییە بە “نادەستووریی” بزانێت.
وەڵامی دادگای فیدراڵی بۆ سکاڵاکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
ڕۆژی سێشەممە، 07-05-2024، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە وەڵامی سکاڵاکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان فەرمانێکی بەپەلەی (ئەمری وەلائی) دەرکرد بە مەبەستی ڕاگرتنی رێکارەکانی جێبەجێ کردنی بڕگەی دووەمی ماددەی 2ی سیستمی دووی تۆمارکردنی بەربژێران و پەسندکردنیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 7ی ساڵی 2024.
بڕگەکە تایبەتە بە دابەشکردنی 100 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن کە پارێزگاکانی هەولێر 34 کورسی، سلێمانی 38 کورسی، دهۆک 25 کورسی، هەڵەبجەش سێ کورسییان لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بۆ تەرخانکرابوو.
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردوو، جێبەجێکردنی بڕگەکە ڕادەگیرێت تا ئەو کاتەی سکاڵاکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکلایی دەکرێتەوە.
وا بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو، 19-05-2024، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ دادبینی و یەکلایی کردنەوەی سکاڵاکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
دڵخوازەكانتان