دەبێ بترسین، زۆریش!
زكری موسا
گۆڕانی كەشوهەوا و تێكچوونی ژینگە ریکلام و قسە و باس نیە بەڵکو هەڕەشەیەكی زۆر جیددی و هەمەلایەنەیە بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی. هەڕەشە و ئاسەواری ئەم مەترسییە ئەوەندە گەورەیە كە دوور نییە بە هۆیەوە شارستانیەتی مرۆڤ تووشی وەستان ببێت.
نوێترین ڕاپۆرتەكانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بە ڕوونی باس لەوە دەكەن كە جیهان بەرەو سنووری مەترسیداری بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما هەنگاو دەنێت و كەوتووەتە سەر ڕێگەیەكی هەڵەوە. ئەمە وا دەكات زۆر شوێنی جیهان چیتر توانای ئەوەیان نەبێت میوانداریی ژیانی ڕووەك و ئاژەڵ و مرۆڤ بكەن. بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندە جیهانییەكان ئێستا گەرمبوون خێراتر بووە و ئەو گەرمبوونەی كە دەبوایە لە 50 ساڵ ڕوو بدات لە 9 ساڵی دواییدا ڕووی داوە.
لە لایەكی ترەوە پێنج ساڵی ڕابردوو گەرمترین ساڵەكانی سەد ساڵی ڕابردوو بوون و بەرزبوونەوەی ناونجی ساڵانەی ئاستی ئاوی دەریاكانیش بە بەراورد لەگەڵ سەرەتای سەدەی بیستەم سێ قاتە كە لە دەرئەنجامی توانەوەی بەستەلەكەكان هاتووەتە ئاراوە. هەروەها لە دوای 1950 شەپۆڵەكانی گەرما بە بەراورد لەگەڵ شەپۆڵی سەرما لە ناوچە جیاجیاكانی گۆی زەوی هەمیشە توندتر و درێژخایەنتر بوونە كەچی شەپۆڵەكانی سەرما خێرا تێپەڕیون.
هەموو لێكدانەوە و پێشبینییەكان ئەوەمان پێ دەڵێن كە نەوەكانی داهاتوو ژیانێكی سەختتریان دەبێت و دەبێ لەگەڵ بابەتێك دەستوپەنجە نەرم بكەن كە لە سەرووی تواناكانی مرۆڤە. بێگومان ئەم دیاردە جیهانییە زۆر بە خێرایی كاریگەری لەسەر سرووشتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و ناكۆكییە هەرێمایەتییەكان بەجێدەهێڵێت.