نێچیرڤان بارزانی بە ئەفراندنێکی دیپلۆماسی لە ناوچەکە دا

تەنیا کوردی


لە ناوچەکەدا دەگوترا، لە نێوان درەختی راست و خواردا، ھەمیشە بژاردەی بڕین لەسەر درەختە راستەکانە…بەڵام لەو لارییەی لە دیپلۆماسیەت و ئابووری، لە سیاسەت و ناتێگەیشتن ھەبوو فەخامەتی نێچیرڤان بارزانی لەناوچەکەدا دەرکەوت، کە بەرھەمێکی دیپلۆماسی دروست، ئەو بەرھەمە چەند بۆ خوارەوە شۆڕببێتەوە، دەتوانرێ ھەموو لایەک بە سەقامگیری و ئاشتی لەم بەرھەمە بخۆن، بەبێ ئەوەی درەختەکە بۆ بڕینەوە بێت.
میتۆدێکی نەگۆڕی لەسەر بنەمای دیپلۆماسیەتی تەندروست کردە مۆدێل و بە ئەفراندنێکی تازەوە، لە دەسپێکی سەردانی بۆ بەغدا ھەموویانی لە دەوریدا کۆکردنەوەو ئەو تێگەشتنە لارەی راستکردەوە کە پێگەی ھەرێم بە ئامانج بگیرێت، بە پێچەوانەوە ھەمووانی رازیکرد کە سەرکەوتنی ھەرێم واتە چیرۆکی سەرکەوتنی عێراقی فیدڕاڵ، لە تاران ئەو بەستەڵەکە ئەمنی و سیاسەی شکاند، کە دەمێکە تێڕوانینی ھەڵە لەسەر ھەرێم بە ئێران دەدرێت، رابەری باڵای ئێران بە دڵخۆشییەوە بەڵێنی بە فەخامەتی نێچیرڤان بارزانی دا کە ئێران لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ ھەرێم دەکاتەوە.. لە میانی سەردانی سەرۆککۆماری تورکیا ئەردۆغان بۆ ھەولێر، ئەو پێگە دیپلۆماسییەی ھەرێم نیشانی ناوچەکەدرا کە لە ھەرێمدا دۆستایەتی ھەیە، نەوەک دژایەتی، ئەمە نێچیرڤان بارزانییە، کە دەتوانێ ھەموو لارییەک راستبکاتەوە و باخچەیەکی پڕ لە ئاشتەوایی سیاسی لە حەوشەی ھەموواندا بچێنێ، بۆیە لە تاران بە ناونیشانی باڵیۆزی ئاشتی پێشوازی گەورەی لێ کرا و بە دەستێکی پڕ لە خێر بۆ ھەرێم گەڕایەوە.

لە تاران، پێوەندی نوێی دیپلۆماسی بونیات نا، ناونرا دەسپێکی نوێ لە پەیوەندی ھەرێم و تاران، لە بەغدا، نیگەرانییەکانی سەر ھەرێم لادران، ماوە لەنێوخۆی ھەرێم ھێزە سیاسییەکان بگەڕێنێتەوە سەر مێز، ئەمە سەرۆکی ھەرێمە کە دەتوانێ، لە جیاتی سێبەری رابردووی نیگەرانییەکان لە نێوخۆ، یان ئاستی عێراق و ئیقلیمی، ببێتە تارمایی بەردەم ھەنگاوەکانی چارەسەری، راشکاوانە ھەر بابەتێک بە قەبارەی خۆی دەخاتەوە سەر تەرازووی کێشان و بەگوێرەی سەنگی بابەتەکە چارەسەرییەکە دەخاتە ڕوو، ئەمە ئەو میتۆدەیە کە فەخامەتی نێچیرڤان بارزانی بەھاو نرخ لە دیپلۆماسیەت دادەنێ، لەسەر مێزی نێچیرڤان بارزانی دا، وەرەقەی لێکتێگەیشتن ھەیە، سەرکەوتن بۆ ھەمووان ھەیە، نەخشەڕێگای داھاتوو بە ئیدارەدانێکی ھاوبەش ھەیە، لە قازانجی ھەرێمی کوردستان و عێراق، بە ئاراستەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ دراوسێکانی ھەرێم بۆ سەقامگیری و دۆستایەتی.

فەخامەتی نێچیرڤان بارزانی لە ھەموو ھەنگاوێکدا ناگەڕێتەوە دواوە، باوەڕی بە تۆڵەسەندنەوە نییە، بۆیە تەرکیزی ھەمووان دەخاتەوە سەر رێگا دروستەکە، ئەویش کرانەوەی دەرگای لێکتێگەیشتن و داخستنی دەرگای فەوزا.
لە گەورەترین حاڵەتی کەوتنی ھەرێمدا، ئەو زەردەخەنەی دیپلۆماسی خستەوە سەر روخساری سیاسی ھەرێم، توانی ھەرێم بخاتەوە سەر مێزی گفتوگۆی ناوچەکە بەشێوەیەک باڵانسی ئیقلیمی راگرت، بەشێوەیەک لە بەغدا باوەڕی بەھەمووان ھێنا، ئیتر ھەر کێشەیەکی عێراق لەگەڵ تورکیا یان ئێران ھەبێ، بە دڵنیاییەوە فەخامەتی نێچیرڤان بارزانی وەک بڕیاردەرێکی سەرەکی لە چارەنووسی سەقامگیری عێراق مامەڵەی دەولی و ئیقلیمی لەگەڵ دەکرێت، بۆیە خاڵی چارەسەرە بۆ ئێستاو داھاتوو، ئەمەیە ھێزی دیپلۆماسیەتی نێچیرڤان بارزانی.
بۆچوونەکانی فەرز ناکات، بەڵکوو بەو چارەسەرییە خێراییە دەجولێ کە ئەزموونی لە ئیدارەدانی قەیرانەکان و چارەسەرییەکان ھەیە، ھەمیشە بژاردەو پاکێجەکانی دەبنە نەخشەڕێگای قبووڵکراو.
بەرامبەر بەو فشارانەی لەسەر ھەرێم ھەبوون، دەگوترا ھەرێم دەکەوێت، ئیتر ئەزموونەکە نامێنێ، تا بەیانییەک خەڵکانێک لەخەو ھەڵسان، فەخامەت بەشێوەیەک ھاوکێشەکەی گۆڕی، خەونی کەوتنی ھەرێم نەماو، گرژییەکان نەمان،خەمی بەھێزکردنی پێوەندی لەگەڵ ھەرێم شوێنی گرتەوە.


نێچیرڤان بارزانی ھەمیشە بازنەیەک دەکێشێ، ھەرچی شکستە بەخێرایی فڕێیدەداتە دەرەوەی بازنەکەو بە ھەماھەنگی ھەموو لایەک بازنەکە بە سەرکەوتن رەنگ دەکات و ئەم بازنەیە دەکاتە سەرکەوتنێکی نوێ لە ناوچەکەدا.
دەگوترێت ئەگەر کەشتی لەنێو دەریادا بێت ئاساییە، بەڵام ئاوی دەریا بچیتە نێو کەشتی و بمێنێ، ئاسایی نییە، بۆیە لەو شوێنەی کە کەشتی ھەرێم بەڕێ دەکەوێ، لەھەر زروفێکدا بەرەو خەرقبوون بچێ، فەخامەت ناھێڵێ.
فەخامەت بە بوێری دیپلۆماسیەت دەکات، بە باوەڕەوە ئاشتی بڵاودەکاتەوە، بە ھێزەوە دەچێتە سەر مێزی گفتوگۆ، پراگماتیکیانە ھەر شکستێک ھەبێ دەیگۆڕێ بۆ سەرکەوتن، ھەموو شتێک بۆ کات جێناھێڵێ، بەڵکوو کات دەبەخشێتە چارەسەرییەکان، بۆیە لە تەوقیتی جولەی نێچیرڤان بارزانی دا، قەیرانەکان ھەمیشە بچوکدەبنەوە و دەرفەتەکان دروستدەبن و سەرلەنوێ رێککەوتن و سەقامگیری لەدایکدەبێتەوە.

لەو گڕکانەی دەگوترا بۆ ھەرێم بەڕێوەیە، فەخامەت لە سەردانی بۆ بەغداو تاران، کوژاندییەوە، ئیتر ئەمە ئەفراندێکی تازەیە لە میتۆدی دیپلۆماسی ناوچەکە کە فەخامەت وەک کارەکتەرێکی باڵای ناوچەکە پێڕەوی دەکات.

دڵخوازەكانتان