نێچیرڤان بارزانی و کردنەوەی دەرگاکان

لیزا فەلەکەدین کاکەیی

هەرێمی کوردستان لە رووی جوگرافیەوە نزیکەی (750) کیلۆمەتر سنووری هاوبەشمان لەگەڵ ئێراندا هەیە و سەدان ساڵە دراوسێین.. دراوسێیەک نە مەنتقی جوگرافی دەتوانێت ئێمە بگوازێتەوە و نە هێزی سەربازیش دەتوانێت واقیعی ئەم هەڵکەوتە جوگرافیایە بگۆڕێت.

لە زۆر وێستگەدا ئێران دراوسێیەکی باشی گەلێک بووە، کە ئاری نەژادن. هەروەها لە قۆناخی دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، پەناگەیەک بووە بۆ هەزاران ماڵی شۆڕشگێڕی کورد.

لە راپەڕین و پێش راپەڕینیش دووژمنێکی هاوبەشمان هەبوو، کە رژێمی بەعس بوو. لە کۆڕەو دەرگایەکی کراوە بوو بۆ ملیۆنان خێزانی کورد.

بە تێپەڕبوونی کات ئەم پەیوەندییانە هەڵکشان و داکشانیان بەخۆیەوە بینیوە، لە پەیوەندیی زۆر باشەوە، بۆ پەیوەندیی خراپ گۆڕاوە، تاکو گەیشت بە ئاستی وەشاندنی مووشەک و جەنگی درۆن و هەوڵدان بۆ لەباربردنی هەرێمی کوردستان و کارکردن بۆ لەیەکترازانی ماڵی کوردی، تەنانەت ئێرانییەکان بە دەرهێنەری زۆرترین ئاریشەی سیاسی و ئابووری و سەربازی لەنێوان هەولێر و بەغدا لە قەڵەم دراون، بەردەوام کارەکتەری خاوەن هێز بوون بۆ شکان و دەستبردن بۆ نیشتمانێک کە خاوەنەکەی کورد و کوردستانیان بووە، دواجاریش دادگای فیدراڵی عێراقیان کردە سەنگەرێک بۆ قۆناخێک لە جەنگی دەروونی و سیاسی و یاسایی. نەک هەر لە رووی سیاسییەوە، بەڵکو لە رووی ئابووریشەوە پەیوەندیی خراپ کاریگەری هەبووە، لە دەروازە سنوورییەکاندا، ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە چوار ملیارەوە بۆ دوو ملیار دۆلار دابەزی.

بێگومان دوای ئەو هەموو رووداوانە، باشترکردنی پەیوەندییەکان پێوستی بە کارێزمایی دیبلۆماسیەتە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەمێکی زۆرە کار بۆ ئەوە دەکات پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێراندا بەرەو ئاستێکی باشتر ببات، هەر بۆیە لە هەولێرەوە تاوەکو بەغدا و لەوێشەوە بۆ تاران هەنگاوەکانی بووەتە مژاری گەرمی میدیایی و جێی باس و سەرنجی شرۆڤەکارانی سیاسی و دیبلۆماسیی گۆڕەپانی عێراقی و ئێرانی… رۆژنامەی هەم شاری ئێرانی لە مانشێتی لاپەڕە یەکیدا نووسیویەتی (تاران لەسەر رێگای چاککردنی ئۆتۆبانەکەیە).

ئێرانییەکان بە گرنگییەوە دەڕواننە ئەم سەردانە و پێشوازیی رابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران چەندین خوێندنەوەی جیاواز هەڵدەگرێت، چونکە جەنابی عەلی خامنەیی گەورەترین پۆستی باڵای ئایینی، سیاسی هەیە و دیدارەکانی تەنها لەگەڵ کەسە گرنگەکانی دەرەوەی ئەو وڵاتەدایە، هەروەکو لە ماڵپەڕی رابەری کۆماری ئیسلامیدا بڵاوکراوەتەوە، لە ماوەی دوو ساڵدا تەنها پێشوازی لە حەوت گەورە سەرکردەی دونیا کردووە، ئەوانیش سەرۆککۆماری تورکیا، رووسیا، ژاپۆن، سووریا و هتد… لەم کاتەشدا بە گەرمی پێشوازی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و لە کۆبوونەوەکەیاندا باس لە چاککردنی پەیوەندییە ئەمنی و سیاسی و ئابوورییەکاندا کراوە، سوپاسگوزاری هەرێمی کوردستان بووە کە ساڵانە بەڕێز و گەرمیەوە پێشوازی لە زیارەتکارانی ئێرانی دەکات. کەوابێت نێچیرڤان بارزانی بەم سەردانەی بۆ دەوڵەتە کاریگەرەکەی ناوچەکە، جووڵەی حەکیمانەی کرد بۆ باشکردنی پەیوەندییەکان بە ئاراستەی سەقامگیری.

دەتوانم بڵێم ئەم سەردانە، ئەو سیاسەتەیە کە هێلکەکان دابەشی ناو هەموو سەبەتەکان دەکات. ئاڵوگۆری بازرگانی بۆ ئاستی نۆرماڵ بەرز دەکاتەوە، بەمەش بووژانەوەی زیاتری ئابووری بۆ هەرێمی کوردستان فەراهەم دەکات. هەروەها کێشەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کاڵبوونەیەوەکی بەرچاو بەخۆوە دەبینێت و دەکرێت لە یەکتێگەیشتنێکی گونجاو دروست بکات لە ناوماڵی کورد دا.

ئەگەر بەم سەردانە هەموو ئەم دەستکەوتانە فەراهەم بکرێت، کەوابێت گرنگە جووڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێناسە بکرێن و لە چوارچێوەی لاپەڕەیەکی سپیدا تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و خەڵکی کوردستان پشتیوانی بین، بۆ بەدیهێنانەوەی سەقامگیریی سیاسی و ئابووری بۆ هەرێمی کوردستان، کە خواستی هەموو هاووڵاتییانە.

پێکهاتەی شاند!

جگە لە پێگە سیاسی و حزبییەکەی خۆی، لەناو شاندەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا، هەریەک لە جێگرانی سەرۆک، بەڕێزان مستەفای سەید قادر و جەعفەر شێخ مستەفا هەن.. بەمەش دەگەینە ئەو خاڵە پۆزەتیڤەی کە کورد بە یەکگرتوویی و یەک گوتاری سیاسی لە تارانە و هەڵگری یەک دیدگان بۆ چارەسەرکردن و چاککردنی پەیوەندییەکان، خەڵک و شەقامی کوردیش ئەمە بەدەستکەوت دەبینین و رۆشنتر خوێندنەوە بۆ ئەنجامەکان دەکەن.

لە ئاستی میللی هەمیشە قسەیەکی باو لە خەڵکی سادە و تاوەکو نوخبەی سیاسی و رۆشنبیری گشتی بەردەوام گەرم بوو، کە دەیانگوت چارەسەرکردنی کێشە و ململانێکانی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق لە تارانە نەوەکو بەغدا و پێویستە فارسیزانێکی باشتر بی، بەڵام لە حەقیقەتی ئەم قسە باوەدا، دەتوانم بڵێم سەرۆکی هەرێمی کوردستان کلیلی دەرگا پڕ لە کێشەکانی بەدەستەوەیە و دوێنی لە بەغدا و ئەمڕۆ لە تاران خەریكی کردنەوەیانە.

دڵخوازەكانتان