ناردنی غاز لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر و دهۆک راگیرا
لە دوێنێوە ناردنی غاز (گازی شل) لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر و دهۆک بە تەواوی راگیراوە. بەرپرسێکی باڵا دەڵێت، “رێگرییەکە 100٪ سیاسییە”. بەڕێوەبەری کۆمپانیای جێبەجێکاریش رەتیدەکاتەوە سیاسیی بێت و دەڵێت، ئەمڕۆ گاز دەگاتەوە هەولێر و دهۆک.
ئەمڕۆ سێشەممە، بەرپرسێکی باڵا لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی سووتەمەنی سلێمانی دەڵێت “لە دوێنێوە ناردنی غاز بۆ هەولێر و دهۆک راگیراوە و یەک تانکەر نەنێردراوە”.
رۆژانە لە سنووری سلێمانییەوە 24 تانکەر غاز بۆ هەولێر و دهۆک دەنێردرا؛ 13 تانکەری بۆ هەولێر، 2 بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و 9 تانکەریش بۆ پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.
لەبارەی هۆکارەکەیەوە بەرپرسەکەی سلێمانی گوتی، “نازانین سیاسییە یان هۆکاری دیکەی هەیە”.
هاوکات، بەرپرسێکی کارگێڕیی باڵا لە هەولێر دەڵێت، “لە بازگەکانی سنووری سلێمانییەوە رێگەنادرێت گاز بگاتە هەولێر و بۆ دهۆک، بابەتەکە 100٪ سیاسییە”.
دابەشکردنی غاز لە هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی کۆمپانیای ساوز کوردستاندایە. سامانی حاجی فایەق، بەڕێوەبەری جێبەجکاری کۆمپانیاکە ئەمڕۆ سێشەممە وتی “هیچ هۆکارێکی سیاسیی نییە؛ تانکەرەکان ئامادەن و ئەوەی هەبووە رێگرییە لە چەند رێگەیەکەوە، کە خەڵک ناڕازین تانکەرەکان هاتووچۆی پێدا بکەن”.
سامانی حاجی فایەق ئاماژەی بەوەشکرد، لە سنووری کۆیە قایمقام و لە هەولێر پارێزگار لەسەر هێڵن بۆ دۆزینەوەی رێگەیەک کە تانکەرەکان بگەنە هەولێر و دهۆک “ئێوارەی ئەمڕۆ غاز دەگاتەوە هەردوو پارێزگاکە”.