پلانی وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ئامادە دەکرێت

شاندێکی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بۆ تاوتوێکردنی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە هەولێرە و لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە.

کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، شاندێکی وەزارەتی بارزگانیی حکوومەتی فیدراڵی لە هەولێرە؛ لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ کۆ دەبێتەوە و لەوانەیە دواتر لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستانیش کۆببێتەوە.

مەبەست لە کۆبوونەوە و سەردانەکەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، وەکو ئەوەی کەریم سلێمان باسی کرد، تاوتوێکردنی پلانی وەرگرتنی بڕی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی هەر سێ پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانییە. گوتیشی، “وەزارەتی بازرگانیی عێراق سەرجەم گەنمی جووتیارانی ناوەڕاست و باشووری عێراق وەردەگرێت، بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان وا نییە. هەوڵ دەدەین زۆرترین بڕی گەنم لە جووتیارانمان وەربگیرێت”.

بەپێی داتا کۆکراوەکان، ئەمساڵ دوو ملیۆن و 900 هەزار دۆنم زەوی لە هەرێمی کوردستان بە گەنم داچێندراوە. بریکاری وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو پێشبینی دەکات ئەم ساڵ جووتیارانی هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن و 500 هەزار تۆن گەنم بەرهەم بهێنن. گوتیشی، بۆ هەر تۆنێک گەنم، 850 هەزار دینار دیاری کراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە وەزارەتی بازرگانیی عێراق ساڵانە گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکڕێتەوە. ساڵی رابردوو (2023)، لە هەر سێ پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی نزیکەی 500 هەزار تۆنی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی کڕی و بۆ هەر تۆنێک بڕی 850 هەزار دینار دیاری کرابوو.

دڵخوازەكانتان