نێچیرڤان بارزانی “دەبێت هەڵبژاردنێکی روون و دادپەروەرانە بکەین کە هەموولایەک لێی رازی بن”.

راشیگەیاند، “پەرلەمانی کوردستان ئەزموونێکی گرنگە لە ناوچەکەدا و دەبێ بیپارێزین”.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان قسەیەکی باوی کوردەواری و سلێمانی بە نموونەوە هێنایەوە و گوتی، “با کای کۆن بە با نەکەین؛ پوختەی قسەی دڵی خەڵکی کوردستان یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکانە، چونکە بە دووبەرەکی ناوبانگێکی باشمان دەرنەکردووە”.

هەروەها باسی لە دۆخی ناوخۆی عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش کرد. لەبارەی عێراقەوە گوتی، “شێوەی مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان باشترین تاقیکردنەوەیە لەسەر دەوڵەتی نوێی عێراق”. گوتیشی، گەلانی عێراق لە 2005ـەوە لەسەر دەستوور رێکەوتوون، کە “هاوبەشیی گونجاوی تێدایە و عێراق بەهێز دەکات… بۆ پێشکەوتنی عێراق پێویستە سیستمی فیدراڵی بە تەواوی جێبەجێ بکرێت”.

لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە بارودۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و پێویستی بە ئاشتییە، “چارەسەری کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل، دروستکردنی دوو دەوڵەتە بۆ هەردوولا”.

دیداری سلێمانی لە زانکۆی ئەمریکی لە رۆژانی 17 و 18ی نیسان بەڕێوەدەچێت و ئەمڕۆ کاژێر 10:00 دەستیپێکرد.

بەشداربووانی دیدارەکە تیشک دەخەنە سەر گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و سیاسییەکان، لێکۆڵەران و چالاکڤانان دەرفەتی ئەوەیان دەبێت گفتوگۆی راستەوخۆ لەبارەی پرسە جیاوازەکانەوە بکەن.

دڵخوازەكانتان