شاخەوان عەبدوڵڵا: هەڵبژاردن بەبێ پارتی ناکرێت

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ لە بەغدا رایگەیاند هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەبێ پارتی ناکرێت.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ (سێشەممە، 16-4-2024) بۆ رۆژنامەڤانان لەبارەی چەند پرسێک لەوانە؛ قەرەبووکردنەوەی مووچەی کەسوکاری ئەنفالکراوان، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هەروەها هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان قسەی کرد.

“دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران بەردەوام دەبێت”

سەبارەت بە بەردەوامیی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان شاخەوان عەبدوڵڵا رایگەیاند “لە دوایین کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، پێش گەشتکردنی سەرۆکوەزیران بۆ دەرەوەی وڵات (ئەمریکا) و بە ئامادەبوونی سەرۆکی سەرجەم هێزە سیاسییەکان، محەممەد شیاع سوودانی جەختی لەسەر دوو بابەت کردەوە، کە یەکێکیان بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بوو.”

بەگوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا “ئەوان بڕیاری ئەوەیان داوە ئەو بابەتە چارەسەر بکرێت و مووچە نەبێتە کێشە، چونکە (سوودانی) باسی لەوە کرد؛ ئێمە لەبەردەم ئیحراجییەکی گەورەین کە نەتوانین مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدەین.”

“هەڵبژاردن بەبێ پارتی ناکرێت”

سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان شاخەوان عەبدوڵڵا رایگەیاند “کاتێک هەڵبژاردن دەکرێت، کە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان تێیدا بەشدار بن و، ئەو تێبینییانەی پارتی دیموکراتی کوردستان هەیبووە، تێبینیی جیدین و تێبینییەکان تایبەتن بە گەلی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی.”

یەکێتی، کۆمەڵ و یەکگرتوو لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندان، ئەگەر پارتیش بەشداری نەکات.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتیشە، هەروەها دەڵێ “پارتی دیموکراتی کوردستان هێزێکی گەورەیە لە گۆڕەپانی سیاسی و بەبێ پارتی هەڵبژاردن ناکرێت؛ ئەوە واقعێکە کە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان لە بەغدا درکیان پێکردووە، بۆ ئەوەی ئەو تێبینییانە بە هەند وەربگیرێن لە گفتوگۆداین لەگەڵ کۆمیسیۆن، چونکە هەندێک بابەتی تەکنیکی هەیە بۆ نموونە بێبەشکردنی 400 هەزار دەنگدەر لە ناوچەکانی کوردستان، پێشێلکردنێکی دەستوورییە.”

بەگوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا “هەنگاو هەیە بۆ ئەوەی داواکارییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان جێبەجێ بکرێن.”

رۆژی 10ـی حوزەیرانی ئەمساڵ دیاریکراوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و تاوەکو ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی کوردستان رەتیدەکاتەوە بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا بکات.  

18ـی مانگی ئادار، پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، “لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بەنایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێندراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین.”

پێشتر 15 پارتی کریستیان لە دوو راگەیێندراوی جیادا بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا، ئەو هەڵوێستەیان وەک رەتکردنەوەی ئەو دیفاکتۆیەیە کە سەپێندراوە بەسەر کریستیانەکان لە رێگەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی و هەموارنەکردنی یاسای هەڵبژاردن و تایبەتنەکردنی دەنگدان لەنێو پێکهاتەکەدا.

هەروەها لە 12ـی ئاداردا 10 حیزب و لایەنی تورکمانیی هەرێمی کوردستان بە هەمان هۆکار بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کرد و رایانگەیاند، “تاوەکو ئەو کاتەی ستەمی کۆتای پێکهاتەکان هەڵدەگیرێت، بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن”.

دڵخوازەكانتان