رۆژانی جەژن 200 هەزار گەشتیار سەردانی كوردستانیان كردوە
بەپێی داتاكانی دەستەی گەشتوگوزار، زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا سەردانی هەرێمی كوردستان و ناوچە گەشتیارییەكانیان كردوە.
ئیبراهیم عەبدولمەجید بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكان لە دەستەی گەشتوگوزار راگەیاند: لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا و لە ماوەی 6 رۆژدا واتە لە 8-4 ـەوە بۆ 13-4، زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردوە كە زۆربەیان لە ناوەڕاست و خواروی عیراق و ئێران و توركیا و وڵاتانی ترەوە هاتون، جگە لەوە 150 هەزار گەشتیاری ناوخۆیی لە ناو هەرێمی كوردستاندا سەردانی سەیرانگە و ناوچە گەشتیارییەكانیان كردوە.
بەپێی داتاكانی دەستەی گەشتوگوزار لە ساڵی 2023دا 3 هەزار و 100 شوێن هەبون كە خزمەتگوزاریی گەشتیارییان پێشكەش كردوە كە بنكەی گەشتیاری، هۆتێل، رێستۆرانت، مۆتێل، كافەتریا، هۆڵی ئاهەنگگێڕان و شوێنە گەشتیارییەكانی دیكە دەگرێتەوە، لە ماوەی چوار مانگی یەكەمی ساڵی 2024 زیاتر لە ملیۆنێك و 700 هەزار گەشتیار هاتونەتە هەرێمی كوردستان.