نێچیرڤان بارزانی لە یادی ئەنفال: داواکارین حکومەتی عێراق ئەرکی خۆی بەرامبەر قوربانییان جێبەجێ بکات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە 36ـەمین ساڵیادی ئەنفالدا رایگەیاند “داواكاريمان له‌ حكومه‌تى فيدراڵى عێراق دووپات ده‌كه‌ينه‌وه‌؛ بۆ به‌جێگه‌ياندنى دادوه‌رى، ئه‌ركى خۆى جێبه‌جێ بكات و قوربانييان له‌ هه‌موو روويه‌كه‌وه‌ قه‌ره‌بوو بكاته‌وه.”

ئەمڕۆ (14-4-2024) 36 ساڵ بەسەر شاڵاوی ئەنفال تێپەڕ دەبێت. لەو ساڵیادەدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە.

نێچیرڤان بارزانی دەڵێ “ئەمڕۆ يادى خه‌مگينى 36 ساڵه‌ى هه‌ڵمه‌ته‌ به‌دناوه‌كانى ئه‌نفال و زياتر له‌ 182 هه‌زار منداڵ و ئافره‌ت و پياو و گه‌نجى ئه‌نفالكراوى كوردستان ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ له‌ يه‌كێك له‌ سامناكترين تاوان و جينۆسايدى مێژوودا ساڵى 1988 له‌سه‌ر ده‌ستى رژێمى ئه‌وساى به‌غدا شه‌هيد كران و لێكه‌وته‌كانى تائێستا و تا داهاتوويه‌كى درێژ، به‌رده‌وام ده‌بن. له‌م ياده‌دا به‌ رێز و شكۆدارييه‌وه‌ به‌ بيريان ده‌هێنينه‌وه‌ و سه‌رى رێز و نه‌وازش له‌به‌رده‌م گيانى پاكياندا داده‌نوێنين.”

تاوانی ئەنفال بە ھەشت قۆناخی یەک لە دوای یەک لە 22ـی شوباتی 1988 دەستیپێکرد و، تاوەکو 6ـی ئەیلوولی 1988 بەردەوام بوو. قۆناخی سێی ئەنفال کە رۆژی 14-4ـی 1988 بوو، بەهۆی ئەوەی زۆرترین قوربانی هەبوو و گەورەترین کۆمەڵکوژی تێدا کرا، بەراورد بە قۆناخەکانی دیکە، بۆیە بە رۆژی ئەنفال دیاریکراوە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی دەڵێ “له‌ كاتێكدا دادگاى باڵاى تاوانه‌كانى عێراق ئه‌م تاوانه‌ى به‌ جينۆسايد ناساندووه‌، داواكاريمان له‌ حكومه‌تى فيدراڵى عێراق دووپات ده‌كه‌ينه‌وه‌؛‌ بۆ به‌جێگه‌ياندنى دادوه‌رى، ئه‌ركى خۆى جێبه‌جێ بكات و قوربانييان له‌ هه‌موو روويه‌كه‌وه‌ قه‌ره‌بوو بكاته‌وه. هه‌روه‌ها جه‌خت له‌ خزمه‌تكردنى باشترى كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى ئه‌نفالكراوان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا ده‌كه‌ينه‌وه‌ و هه‌رچى له‌ توانادا بێت، ده‌بێ درێخييان بۆ نه‌كرێت.”

سەبارەت بە پرۆسەی گەڕان بەدوای رووفاتی شەهیدانی ئەنفال، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند “كه‌سوكارى ئازيزى ئه‌نفالكراوان دڵنيا ده‌كه‌ينه‌وه‌ تا كۆتايى له‌ پرۆسه‌ى گه‌ڕان به‌دواى رووفاتى شه‌هيداندا و گێڕانه‌وه‌يان بۆ باوه‌شى نيشتمان به‌رده‌وام ده‌بين. هه‌روه‌ها جه‌خت له‌ كار و هه‌وڵى هه‌مه‌لايه‌نه‌مان ده‌كه‌ينه‌وه‌ بۆ ئه‌وى تاوانى ئه‌نفال له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تيش به‌ جينۆسايد بناسرێت و هه‌رگيز تاوانێكى وا له‌ هيچ شوێنێكى جيهان دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌.”

لە کۆتایی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانیدا هاتووە “له‌م ياده‌دا جه‌خت له‌ ته‌بايى و پێكه‌وه‌يی ته‌واوى لايه‌ن و پێكهاته‌كانى كوردستان ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ مه‌رجى پاراستن و مانه‌وه‌ى ماف و ده‌سكه‌وته‌كان و فيدراڵى و قه‌واره‌ى ده‌ستووريى هه‌رێمى كوردستانه‌. يادى شه‌هيدان هه‌ميشه‌ به‌ خێر و دروود له‌ گيانى پاكيان، سڵاو له‌ خێزان و كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوان و ته‌واوى شه‌هيدانى كوردستان.”

دڵخوازەكانتان