تەواوی تەمویلی مووچەی مانگی ئادار خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی

390 ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 07-04-2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، “کەمێک لەمەوبەر دواین گوژمەی مووچەی مانگی ئادار کە بڕەکەی (390) ملیار دینار بوو لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق”.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی ئاماژەی بەوەش کردووە، “سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی شارستانی و سەربازی دڵنیا دەکەینەوە کە پێش جەژن سەرجەمیان مووچەکانیان وەردەگرن بە پێی ئەو خشتەی مووچەیەی لەلایەن وەزارەتمانەوە ڕاگەیەندراوە”.

ئەمە لە کاتێکدایە بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، بڕی 430 ملیار و 109 ملیۆن دیناری دیکە لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراقەوە خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

لەگەڵ ئەوەی دوێنێ شەممە لە تەواوی فەرمانگە و دامەزراوە فەرمییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشووی فەرمیی بوو، بەڵام دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاداری مووچەخۆران بە گوێرەی ئەو لیستەی وەزارەتی دارایی بڵاوی کردبووەوە، دەستی پێکرد و ئەمڕۆ یەکشەممە و سبەی دووشەممەش پرۆسەکە بەردەوام دەبێت.

پێنجشەممەی هەفتەی ڕابردوو، بەشی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراق بەشێکی مووچەی مانگی ئاداری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی نارد، کە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیی و چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لەگەڵ مووچەی خانەنشینانی مەدەنیی و سەربازی، شایستە داراییەکانی کاروباری شەهیدان و ئەنفال، گرێبەستەکان و شایستە داراییەکانی فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستان لە خۆ دەگرت.

لە بەشێکی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق دا هاتبوو، دادگای باڵای فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی لە خەرجکردنی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئاگادارکراوەتەوە، “بەوپێیەی تەواوکردنی میکانیزمی خۆجێیکردنی (تەوتینکردن)ـی مووچەکانیان پێویستی بە ماوەیەکی زیاتر هەیە”.

هەروەها پێشووتر، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاندبوو، “دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر، بە هاوکاریی هەردوو تیمی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ و تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، توانرا چارەیەکی گونجاو بۆ کێشەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دابنرێت

دڵخوازەكانتان