بەشەخۆراكی مانگی سێ دابەش دەكرێت

بەرپرسێكی دابەشكردنی خۆراك ئاشكرای دەكات، لیستی بریكاری بەشەخۆراكی مانگی سێ دابەش دەكرێت و روونیشی دەكاتەوە، لە دەرەوەی شار و ناوچە دوورەكان بەشەخۆراكی زیادكراوی مانگی رەمەزان بەتەواوی دابەش كرا و لەمڕۆوە لە ناوشاریش دابەش دەكرێت.

بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی کەلوپەلی خۆراکی هەولێر، سەرجەم ئەو بریکارانەی خۆراک ئاگاداری دەکاتەوە، کە تاکوو ئێستا لیستی بریکاری مانگی سێی ساڵی 2024یان نەبردووەتەوە، دەبێت لە ماوەی سێ رۆژدا سەردانیان بكەن.

ئاماژە بەوەش كراوە: “هەر بریكارێك رۆژانی (ئەمڕۆ چوارشەممە و سبەی پێنجشەممە و یەکشەممەی داهاتوو) سەردانمان نەكات و لیستی بریكاری بكەوێتە دوای جەژن، ئەوە سەبەتەی خۆراكی مانگی ڕەمەزان، كە لە شەعرییە و مەعکەڕۆنی و نیشاستە و ئاردی سفر پێكهاتووە، بۆیان ناچێت.”

.سەبارەت بە دابەشكردنی بەشەخۆراكی تایبەتی مانگی رەمەزان گوتی: “لە شوێنە دوورەكان تەواو بووە، ئەمڕۆ لە نێوشاری هەولێر دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.”

ئاماژەی بەوەش دا، لە هەموو شوێنەكان بەشەخۆراكی مانگی دوو دابەش كراوە، ئەوەی ماوەتەوە بەشەخۆراكی زیادكراوی مانگی رەمەزانە لە ناوشار، ئەویش دابەش دەكرێت.

رۆژی 26ی3ی2024، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ماوەیەكە دەست بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی دووەم و خۆراكی تایبەتی مانگی ڕەمەزان کراوە، بەڵام کەمێک دوا کەوت، ئێستا بەخێرایی دەستی پێکراوەتەوە، هۆكاری دواكەوتنەكەش ئەوەیە، بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی بازرگانی، دەبێت بریكارەكانی خۆراك بۆ گەڕاندنەوەی پارەی هاووڵاتییان ئەژماری بانكییان هەبێت، زیاتر لە مانگێکە ئاگادار کراون بۆ تەواوكردنی ئەو بابەتە، زۆربەیان كارت و ئەژماری بانكییان هەیە و كەمێكیان ماون و ئەوانیش تەواو دەكرێن.”

بەشەخۆاك پێکهاتووە لە شەكر، زەیت، دۆشاوی تەماتە، برنج، نیسك و ئارینۆک، بەشەخۆراکی مانگی ڕەمەزانیش هەریەكە لە نیشاستە، مەعکەرۆنی، ئاردی سفر و شەعرییەی لەگەڵدا دابەش دەکرێت، وێڕای ئەوەی بەشەئاردیش دەستی پێ کردووە.

دڵخوازەكانتان