فوئاد حسێن: چاوەڕوانیین لە چەند رۆژی داهاتوو كێشەی مووچە چارەسەر بێت

وەزیری دەرەوەی عێراق لە ئەمریكاوە، رادەگەیەنێت، چاوەڕوانن لە چەند رۆژی داهاتوو، كێشەی مووچە چارەسەر بكرێت و سەرۆك وەزیرانی عێراق دەیەوێت مووچەی مانگی سێ بنێرێ.

ئەمڕۆ سێشەممە 26/3/2024، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی لە ئەمریكا، ئاماژەی بەوە كردووە، پێشبینی دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوو كێشەی مووچە چارەسەر بێت.

بەگوتە وەزیری دەرەوە، وا دیارە سەرۆك وەزیرانی عێراق دەیەوێت مووچەی مانگی سێ بنێرێ.

هاوكات لە كۆنگرە رۆژنامەنووسەكەدا، لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان، وەزیری دەرەوە روونی كردەوە، نەوت یەكێكی تر دەبێت لە دۆسیەكان كە گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت.

هەروەها فوئاد حسێن، هۆكار ئەوەی روونی كردووەتەوە و دەڵێت: “لەبەرئەوەی ئەو كۆمپانیایانەی لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن، چەند دانەیەك لەوانە كۆمپانیای ئەمریكیین، ئەوەش باشییەكی ترە لەبەرئەوەی كۆمپانیاكان خۆیان داوایان لە كۆنگرێس كردووە ئەو پرسە یەكێك بێت لە بابەتەكان.”

نزیكەی هەفتەیەكە وەزیری دەرەوەی عێراق، بە سەردانێكی فەرمی لە ئەمریكایە، بەهۆی ئەوەی بڕیارە 15ی مانگی نیسان 2024، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بگاتە ئەمریكا و نوێنەری هەرێمی كوردستانیش لە چوارچێوەی شاندەكەدان.

دڵخوازەكانتان