ساڵێک بەسەر ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت
ساڵێکە حکوومەتی عێراق هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی بۆ بازاڕەکانی جیهان راگرتووە، ئەمەش نزیکەی 11 ملیار دۆلار زیانی بە داهاتەکەی گەیاندووە.
له 25ی ئاداری 2023ـەوە کە دەکاتە ساڵێک پێش ئێستا، ههناردەی نهوتی ههرێمی كوردستان له ڕێگهی بهندهری جهیهانی توركیا ڕاگیراوە. بهغدا، ههولێر و ئهنقهره خهریكی دانووستانن بۆ دووباره ههناردهكردنهوهی نهوتی ههرێمی كوردستان، ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم جگە لەوەی زیانی بە بودجە و ژێرخانی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاندووە، هاوکات بووەتە هۆی کەمبوونەوەی نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل نەوت لە بازاڕی وزەی جیهاندا.
کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت لە هەرێمی کوردستان حکوومەتی عێراق تۆمەتبار دەکەن، بەوەی سەرەڕای ئەوەی بۆڕی نەوتەکە ئامادەیە، بەڵام نایەوێت هەنادەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە.
مایڵس کاگنز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ناسراو بە (ئەپیکور) ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی سوودانی دەسەڵاتداری خۆی و سەرەوەری عێراق بسەلمێنێت، پێویستە لە سەردانەکەی بۆ واشنتن بڕیاری دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بدات.
مایڵس کاگنز گوتی، “ئێمە لە ئەپیکور بڕوامان وایە، سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بۆ واشنتن باشترین دەرفەت دەبێت بۆ ئەو بۆ ئەوەی بڕیاری دەستپێکردنەوەی وەبەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان بدات. سەرۆکوەزیران سوودانی بەرپرسە و سەرکردەی حکوومەتەکەیە. بێگومان تێدەگەم هەندێک هێزی وڵاتانی دراوسێ کاریگەرییان هەیە لەسەر سیاسەتەکانی بەغدا و سیستەمی دادگای فیدراڵیی عێراق. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمە دەرفەتە بۆ سەرۆکوەزیران تا پیشانی بدات ئەو سەرکردایەتیی وڵاتێکی خاوەن سەروەری دەکات و دەتوانێت کاریگەریی لەسەر حکوومەتەکەی و سەرکردە سیاسییەکان هەبێت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، ئەمەش سوودی بۆ هەموو خەڵکی عێراق دەبێت.”
یەکێک لەو گرفتانەی لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق هەیە، گرێبەستی کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان و تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتە.
تایبەت بەم پرسە، گوتبێژی ئەپیکور بە کوردستان24ی راگەیاند، تێچووی بەرهەمهێنان بەرمیلێک لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازە و بەگوێرەی تەمەن و ماوەی بەرهەمهێنان تێچووکەی دەگۆڕێت.
گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر) لەوبارەوە گوتی، “عێراق رۆژانە 800,000 دۆلار سزا دەدرێت، بەهۆی ئەوەی نەیتوانیووە مەرجەكانی ڕێككەوتنی بۆری نەوتی عێراق – توركیا جێبەجێ بكات. ئەمەش کاریگەریی لەسەر ناوبانگی عێراق هەیە. بەهۆی پابەند نەبوون و ڕێزنەگرتن لە گرێبەستەكان، خواستی بازرگان و وەبەرهێنەرانی جیهان بۆ كاركردن و وەبەرهێنان لە عێراق كەم دەكاتەوە.”