ئاوات شێخ جەناب: ئەو فەرمانبەرانەی پار بە (هەژماری من) مووچەیان دراوە، هەر 12 مووچەكەیان وەرگرتووە

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، ئەو فەرمانبەرانەی كە ساڵی ڕابردوو لە چوارچێوەی پرۆژەی (هەژماری من) مووچەیان پێ دراوە، پارەی هەر 12 مانگەكەیان وەرگرتووە، لە كاتێكدا مووچەخۆرانی كوردستان لە لایەن بەغداوە مووچەی سێ مانگیان نەنێردراوە.

لە میانی دیدارەكەیدا لەگەڵ كەناڵەكانی راگەیاندن، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان رای گەیاند: ”بە چاوی حزبایەتی نابێ سەیری هەژماری من بكرێ، بەڵكوو بە چاوی ئەوە سەیر بكرێ كە میللەت چی لەمە قازانجە؟“

ئەوەشی ئاشكرا كرد كە ”ئێستا لە عێراقیش دەیانەوێ وردە وردە بێنە سەر مەنهەجەكەی (هەژماری من).“

وەزیری دارایی ڕوونی كردۆتەوە: ”بە گشتی تا ئێستا 250 هەزار كەس خۆی تۆمار كردووە. لە هەولێر بە مەدەنی و لیوا هاوبەشەكانی پێشمەرگەوە 213  هەزار كەس خۆی تۆمار كردووە، لە سلێمانی 19 هەزار و لە دهۆك 18 هەزار كەس. تا ئێستا 142 هەزار كەس كارتی وەرگرتۆتەوە.“

لەبارەی ئەو فەرمانبەرانەشی كە ساڵی ڕابردوو بە سیستەمی (هەژماری من) مووچەیان دراوە، وەزیری دارایی ئاشكرای كرد: ”لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی هەولێر ئەم سیستەمە جێبەجێ كراوە، زیاتر لە 800 فەرمانبەر ساڵێكە ئەو سیستەمە جێبەجێ دەكەن، هەندێك لەوانەی ئەو سیستەمەیان هەیە، پارەی ماڵیشیان بردۆتە سەر حیسابەكەیان. ئەوان جیاوازتر لە هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، پارەی هەر 12 مووچەكەی ساڵی پاریان وەرگرتووە.“

دڵخوازەكانتان