سوننەکان: سەرۆک بارزانی خەمخۆری چارەسەرکردنی کێشەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە

هەرسێ هاوپەیمانێتیی عەزم، حەسم و سیادە لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا لەبارەی هەوڵی لایەنەکان بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەن لە پێناو خەمخۆرییەکانی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە.

ئەمڕۆ یەكشەممە 24/3/2024، هەرسێ هاوپەیمانێتیی عەزم، حەسم و سیادە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی هەوڵی لایەنەکان بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بڵاو کردەوە، تێیدا سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەن لە پێناو خەمخۆرییەکانی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، هەروەها ئاماژە بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەناو پەرلەمان و یەکلایکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لەلایەن پەرلەمانتارانەوە دەکەن، ئەوەش بەپێی ڕێکارە یاساییەکان و بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی.

هەرسێ هاوپەیمانێتییەكە، ئەوەیان خستووەتە ڕوو، پڕکردنەوەی بۆشایی دەستووریی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، هەنگاوێک دەبێت بە ئاراستەی چالاکردنەوەی ڕۆڵی پەرلەمان لە ئەرکەکانی یاسادان و چاودێریی.

ڕۆژی 14/11/2023، دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتیی هەر یەکە لە محەمەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا، بەم بڕیارە ڕاستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوور خرایەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو کێشانەی پێشتر لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارەدا روویان دابوو.

هەروەها بە گوێرەی ئەو رێککەوتنەی پرۆسەی سیاسیی عێراقی لە دوای 2003وە لەسەر دامەزراوە، پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لە پشکی سوننەیە، بەڵام تاوەکوو ئێستا هێزە سوننەکان لەسەر کاندیدێکی هاوبەش ڕێک نەکەوتوون بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق.

دڵخوازەكانتان