سەرۆكی پارتێكی توركمانی: پێویستە حزبە كوردستانییەكانی دیكەش هاوشێوەی پارتی هەڵوێستی شەرەفمەندانەیان هەبێت
سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمانی، پشتیوانیی خۆی بۆ بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رادەگەیەنێت و بە پێویستی دەزانێت، حزب و لایەنە كوردستانییەكانی دیكەش، هەڵوێستی شەرەفمەندانەیان هەبێت.
محەمەد ئیلخانی، سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمانی، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) رای گەیاند، حزب و لایەنە كوردستانییەكانی دیكەش، پێویستە هەمان هەڵوێستی شەرەفمەندانەیان هەبێت، ”چۆن بەشداریی لە هەڵبژاردنێك دەكەن كە مافی دەنگدەرانی خۆیان و پێكهاتەكان زەوت بكرێت؟”
ڕوونیشی كردەوە: ”حزبە كوردستانییە رەسەنەكان، سەیرە كە تەنانەت لەسەر مافی خۆیانیش بێدەنگ و بێهەڵوێستییان هەڵبژاردووە.“
ئەو سەركردەی پێكهاتەی توركمان دووپاتی كردۆتەوە: ”ئێمە لە پێكهاتەی توركمان، بۆ وەستان لە ڕیزی هەق و جگە لە خاڵە یاسایی و دەستوورییەكان، بەرگریكردنیان لە مافی پێكهاتەكان و سیستەمی كۆتا، پشتیوانیی لە بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین و چاوەڕێی هەمان هەڵوێستی نیشتمانی و عەقڵانی لە لایەنە كوردستانییەكان و كەسایەتییەكانی تر دەكەین.“