د.وەعدی مزووری: سەرۆککۆمار دەتوانێت بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ڕاگرێت
پسپۆرێکی دەستوور پێی وایە، دەستوور دەسەڵاتی بە سەرۆککۆمار داوە پارێزگاری لە دەستووری عێراق بکات و دەشڵێ: سەرۆک کۆمار بەپێی دەستوور دەتوانێت ڕێگری لە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بکات، چونکە بووەتە ھۆی تێکدانی سەقامگیری.
د.وەعدی مزووری، پسپۆری یاسا و دەستوور بە ڕاگەیاند: بەپێی ماددەی ٦٧ی دەستووری ھەمیشەیی عێراق سەرۆک کۆمار دەتوانێت ڕێگری لە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی بکات بەو پێیەی سەرۆک کۆمار پارێزەری دەستوورە و ھەرکاتێک دادگا لە دەستوور لایدا ئەوە سەرۆک کۆمار دەسەڵاتی ھەیە بڕیارەکانیدادگا بوەستێنێ و ڕێگری بکات لە دەرکردن و جێبەجێکردنی ھەر بڕیارێک.
ئەو پسپۆرەی دەستوور گوتی: سەرۆک کۆمار پارێزەری دەستووری عێراقە و پێویستە ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات بۆ پاراستنی بەندەکانی دەستوور، بەداخەوە ھێشتا سەرۆک کۆمار نەیتوانیوە دەسەڵاتەکانی بەکاربێنێ بۆ پاراستنی دەستوور.
د.وەعدی مزووری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: تا ئێستا ھۆکارەکان دیار نینە بۆچی سەرۆک کۆماری عێراق بێدەنگە لە بەرامبەر بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی دژی ھەرێمی کوردستان، چونکە دەسەڵاتی ھەیە و ئەرکی سەرۆک کۆمارە پارێزگاری لە دەستووری عێراق بکات، بەتایبەتی ئەو بڕیارانەی ئێستای دادگای باڵای فیدڕاڵی کە بوونەتە ھۆی دروستکردنی پشێوی و ناسەقامگیری لە عێراق و ھەرێمی کوردستان.