لە یادی لەدایکبوونی بارزانی نەمردا
ئازاد جندیانی
لەناو هەموو ئەو نەتەوانەی کە مێژووێکی شکۆداری بەرخۆدان و شۆڕشیان هەیە، ڕێبەرە ناوازەکانیان لە کۆیادەوەری کۆمەڵگاکانیاندا بەزیندوویی ئەمێننەوە، کە کوردیش یەکێکە لەو جۆرە کۆمەڵگایانە و بارزانی نەمریش نموونەیەکی باڵای ئەو جۆرە ڕابەرە نەتەوەییانەیە، کە بێگومان لەبەروارێکدا بوونە فیزیکییەکەی و دواتر کارابوونی دەست پێ ئەکا، بەڵام ناوازەیی و باڵابوونی بە هەبوونی فیزیکییەوە نابەسترێتەوە، چونکە لەودا مەودای کەسایەتییەکەی بەشێک نییە لە مێژووێکی دیاریکراو، بەڵکو خەسڵەتەکانی ڕێبەرایەتییهکەی شێلراو و ئاوێتەیە بە پرس و دۆزی نەتەوەکەی. هەرچەندە پرس و دۆزی نەتەوەیی کورد مێژووێکی زۆرتر و دوورتری هەیە، بەڵام ڕێبەریکردنەکەی بارزانی نەمر خەسڵەتگەلێکی تری بە کوردایەتی بەخشی کە یەکێک لەو خەسڵەتە دیار و جێ سەرنجانە، پەرەسەندنی ئاسۆییی بزووتنەوکەیە بەتایبەت لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا، کە لە دواترۆپکیدا (1974-1975) هەموو نەتەوەی کوردی لە باشووردا تەنییەوە، کە ئەگەر پیلانی جەزائیر نەبووایە، ئەوا کوردایەتی تەنیا نەئەبووە بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەیەک بەڵکو لەڕەوتی تیۆریزەکردنیدا ئەبووە ڕەوت و ستایلێک لە تێکۆشانی سەربەخۆخوازی ئەو نەتەوانەی لە زۆر بنەمای مێژوویی و دۆخی سیاسی و خەسڵەتە داگیرکارییەکەیاندا لەگەڵ نەتەوەی کوردی داگیر و دابەشکراودا لە زۆر چەمک و چوارچێوەدا گوتاری وێکچوویان ئەبوو. ئەمە باسێکە کە هێشتا نەک وەک پێویست نهخراوهته ڕوو، بەڵکو ڕەنگە هەر کاری لەسەرنەکرابێ.
هەر لەو پێودانگەوە، یەکێک لە تایبەتمەندییە زۆر درەوشاوەکانی بارزانی نەمر ئەوەبوو، کە کوردەواری بۆ خەباتی فرەڕەنگ و فرەمەودای ڕزگاری سازدا، لەکاتێکدا کە کۆمەڵگایەکی ئاڵۆز بوو بەتایبەت کە هێشتا سنوورەکانی تامپۆن و بهریهك كهوتن لەنێوان مۆدێرنە و ترادیسیۆنی نێوان هێز و دامەزراوەکانی کۆمەڵگادا تێکەڵ و پێکەڵ و لە دۆخی گۆڕاوی هەڵچوون و داچوون دابوو. بۆیە سازدانی کۆمەڵگایەکی لەو جۆرە بۆ بزووتنەوەیەکی (سۆسیۆ- سیاسی) و (سۆسیۆ- کلتووری) کە لە مۆرکێکی مێژوویدا بنەخشێنرێ، پێویستی بە سازانێکی کۆمەڵایەتی هەبوو. لە سەرەتا و دەستپێکی شۆڕشی ئەیلوولەوە پێکەوە سازانی کۆمەڵایەتی و لەگەڵیشیدا پێکەوە سازانی هێزەسیاسییە پێشڕەوەکەی (بەمانای سەرکردایەتیکردن) لەگەڵ کوردەواریدا، پێش مەرج و بگرە مەرجی شۆڕش بوو وەک پرۆسەیەکی لێکدانەبڕاوی پێکەوەسازان و سازدانی نەتەوە بۆ وەئەستۆگرتنی ئامانج و ئەرکەکانی مەسەلەی نەتەوە کە مەسەلەی ڕزگارییە (سەربەخۆییە). لەو پڕۆسە شۆڕشگێڕییەدا داگیرکەر وەک دوژمن بەئامانج ئەگیرێ، هەڵبەت لەگەڵیدا هەموو هاوپەیمان و کلک گوێکانیشی ئەبنە ئامانج جا بەهەر کۆپی و دەرهاوێشتە و بەرجەستەبوون و لێکەوتێک بن.
جێی خۆیەتی لێرەدا، ئەگەر بە ڕاگوزەریش بێ ئاماژەیەک بەو ڕەوتەی ناو پارتی و شۆڕش بدەین، کە لە سەرەتاکانی شۆڕشی ئەیلوولەوە سەری هەڵدا، کە سەرسەختانە ناکۆک و دژبەر بوو لەگەڵ ڕەوتی سازانی کۆمەڵایەتی و سازدانی نەتەوەییدا، کە بارزانی نەمر لە دنیابینی خۆیدا بڕوای بەو سازان و سازدانە هەبوو، لە پراکتیکیشدا ماندوونەناسانە کاری بۆ ئەکرد. سەرهەڵدانی ئەو ڕەوتە کە بنەمایەکی فیکری چەپڕەوانەی هەبوو، دۆخەکەی گەیاندە کەرتبوونی پارتی و دامەزراوەکانی شۆڕش و دروستبوونی پێکدادانی چەکدارانە، کە ئیتر لەوێوە ئەو شەڕەی گوتاری میلـلی کورد ناوی نا (شەڕی براکوژی) دەستی پێ کرد، کە تا ئێستاش لێکەوتە فیکری و پراکتیکییەکانی بەشێوازی تر بەردەوامن و مەترسییەکانیشی بەیەکجاری نەسڕاونەتەوە.
لێرەوە، ڕابەر لە لایێکەوە وەک کاریزمایەکی پراکتیکی بزاوتی شۆڕشگێڕانە، لەلاکەی تریشەوە وەک نوێنەرەوەی مەسەلە نەتەوەییەکە لە پرۆسەیەکی خودسازدان بۆ ڕێبەرایەتیکردن لە کەسایەتی و ئەزموونی شۆڕشگێریی بارزانی نەمردا ئاوێتەی یەکتر ئەبن. ئیدی لەوێوە مەلا مستەفای نەمر تەنیا نابێتە فەرماندەی جووڵانەوەیەکی چەکداری، بەڵکو ئەبێتە ڕابەری پرس و دۆزی نەتەوەیەک کە تەنیا و تەنیا لە سەربەخۆییدا بەرجەستە ئەبێ، لەبەرئەوەشە کە شیان و توانا و ئەزموون و پەندەکانی ڕێبەرایەتیکردنی کورد و مەسەلە نەتەوەییەکەی بە مەرگی پڕ لەسوێی بارزانی نەمر کۆتایی نەهات و نایەت، هەر ئەمەش فاکتەری ئەوەیە کە هەموو بۆنەیەکی پەیوەندیدار بە بارزانی نەمر، بۆنەی خۆش یان ناخۆش؛ یار و هەوادارانی هەر یەکە بە جۆرێکی گونجاوی خۆی یادی ئەکەنەوە و لە مێژووەکەیدا بە بەردەوامی کنەوپشکنین ئەکرێ و هەمیشەش سەرنجی نوێ، خوێندنەوەی نوێ و یادەوەری نوێ وهتد.. هەڵئەهێنجرێ. هاوکات نەیارە ناوخۆ و دەرەکییهكانی و داگیرکەرانیش کەم و زۆر باسی ئەکەن، وەک ئەوەی کە دوژمنان بەو باسکردنە شیاو و نەشیاوانەیان لەبارەی بارزانی نەمرەوە ترسی (ئەو) لەخۆیاندا دەربکەن.
ههمیشه زیندوو بێ پەیامی کوردانەی مهلا مستهفای بارزانی و ڕۆحی شاد.