پەیامی سەرۆکی حکومەت لە ساڵیادی راپەڕینی گەلی کوردستان

 بەرە بەیانی ئەمڕۆ، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی راپەڕینی گەلی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و راپەڕین بە وەچەرخانێکی مێژووی بەرامبەر بە ستەم و داگیرکاریی ناودەبات.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:

لە 33یەمین ساڵیادی راپەڕینی شکۆداری ساڵی 1991ی گەلی کوردستاندا، گەرمترین پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم. رێز و پێزانینم بۆ هەموو تێکۆشەران و کوردستانپەروەران و بەشدارانی ڕاپەڕین و بۆ هەموو ئەوانەی لە كاروانی ئازادی و سەرفرازی و پێشكەوتن و ئاوەدانیی و خۆڕاگریی هەرێمی كوردستاندا، رەنجیان دا و ماندوو بوون، دروود بۆ گیانی پاكی ئەو شەهیدانەی لەم رێگەیەدا گیانیان بەخت كرد.

راپەڕینی ئاداری 1991، یەکێکە لە گرنگترین رووداوە بەرهەمدارەكانی مێژووی كوردستان و شانازییەكی گەورە و سەروەرییەكی مەزنی گەلی کوردستانە، کە بەرهەمی یەکڕیزی و یەکگرتوویی سەرجەم چین و توێژ و پێکهاتەکانی گەلی کوردستان و هێز و لایەنە کوردستانییەکان بوو، رەتکردنەوەی یەكجارەكی ستەم و داگیرکاری و ژێردەستەیی بوو، بەرهەمەکەی دروستبوونی قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعی و دەستوورییەکانی هەرێم بوو.

ئەمڕۆ کە یادی راپەڕین دەکەینەوە زۆر گرنگە و پێویستە هەموو لایەن و پێکهاتە و هەر تاکێکی کوردستانی، بە یەکڕیزی و یەکدەنگی، داکۆکی لە دەستکەوتە نیشتمانییەکان و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکەن.

بۆیە پێویستە قەوارەی فیدراڵی هەرێمی كوردستان و بەها بەرزەکانی راپەڕین و بنەماکانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە  و ئاشتیخوازی و مرۆڤ دۆستیی گەلی کوردستان، هەمیشە بپارێزین و گەشەیان پێ بدەین، بە دڵنیاییشەوە سەروەریی هەموومان بەندە بەبوونی كوردستانەوە.

با یادی راپەڕین، هاندەری زیاترمان بێت بۆ ئەوەی پشتیوانی قەوارەی دەستووری هەرێم و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بین، تا بتوانێت بە باشترین شێوە، خزمەتێکی شایستەتر پێشکەشی سەرجەم خەڵکی کوردستان بکات و بەیەکەوە، هەرێمی کوردستان، بەرەو قۆناغێکی گەشەسەندووتر ببەین.

بەرز و شکۆدار بێت ساڵیادی ڕاپەڕینی ئاداری 1991.

سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین.

مەسروور بارزانی

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

2024/3/5

دڵخوازەكانتان