سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى بولگاریا كۆبووه‌وه‌

له‌ دووه‌م ڕۆژى به‌شداریكردنى له‌ كۆڕبه‌ندى دیپلۆماسیى ئانتالیادا، به‌یانیى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2024/3/2 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ڕومێن ڕادێڤ سه‌ركۆمارى بولگاریا كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له‌ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى بولگاریا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرایه‌وه‌ له‌ بواره‌كانى ئابوورى، بازرگانى، كولتوورى، وه‌رزشى، گه‌شتیارى و كشتوكاڵیدا، هه‌روه‌ها باس له‌ ده‌رفه‌تى هاركاریى زیاترى دوولایه‌نه‌ى‌ بوارى خوێندنى زانكۆیى و خوێندنى باڵا و گه‌شتى ڕاسته‌وخۆى ئاسمانیى ‌نێوان بولگاریا و عێراق به‌ هه‌رێمى كوردستانیشه‌وه‌، كرا.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ بایه‌خه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ وڵاتانى دۆست له‌ ئه‌ورووپا. له‌مباره‌یه‌وه‌ ئاماژه‌ى به‌ خواستى هه‌رێمى كوردستان كرد بۆ فراوانكردنى بواره‌كانى هاریكاریى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ بولگاریا وه‌ك وڵاتێكى دۆست و ئه‌ندامى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا، بۆیه‌ داواى كرد بولگاریا ئاستى نوێنه‌رایه‌تیى خۆى له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌رز بكاته‌وه‌.

دڵخوازەكانتان