ئێران : تەنها لە مانگی دوودا 10 هاوڵاتی لەسێدارە داوە و مامۆستایەكی ئاینیشی بە حەوت ساڵ زیندان سزا داوە

ئامارەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەریدەخەن، مانگی دوو لە ئێران 10 هاوڵاتی لەسێدارە دراون، لەکاتێکدا مانگی یەکی ئەمساڵ 74 هاوڵاتی لەسێدارەدرابوون.

رێکخراوەکە کە چاودێریی رەوشی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، هۆکاری کەمبوونەوەی حاڵەتەکانی لەسێدارەدان بۆ هەڵبژاردنەکان دەگەڕێنێتەوە، کە لەو مانگەدا بانگەشەی هەڵبژاردن هەبووە.

زانیارییەکانی رێکخراوەکە ئاشکرای دەکات، مانگی رابردوو سزای سێدارەی بەندکراوێکی ژن بە ناوی هاجەر ئەتابەکی کە خەڵکی تەورێز بووە، لە بەندیخانەی ناوەندیی قەزوین جێبەجێ کراوە. هەروەها سێ بەندکراوی تورک، دوو بەندکراوی کورد و دوو بەندکراوی ئەفغانی و بەندکراوێکی عێراق لەسێدارە دراون و ناسنامەی یەکێکیشیان بۆ رێکخراوەکە ئاشکرا نەبووە.

بەپێی ئامارەکە، زۆرترین رێژەی لەسێدارەدراون لە بەندیخانەکانی پارێزگاکانی قەزوین و زەنجان بووە، کە لەهەر کامیان دوو حاڵەت تۆمار کراوە. هەروەها لە بەندیخانەکانی پارێزگاکانی ئورمییە، ئازەربایجانی رۆژئاوا، ئەردەبیل، قوم، ئیسفەهان و هەمەدان هەر کامەیان یەک کەس لەسێدارە دراون.

هاوكات ڕێکخراوی مافی مرڤی هەنگاو ڕایگەیاندووە، مەلا حەسەن جەنگخاهـ، لەم دوایییانەدا لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایان لقی ورمێ، سزای 7 ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

مەلا حەسەن پێشتر هه‌فته‌یه‌ك ده‌ستگیر كرا و بە هۆکاری وەکوو ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە کوژرانی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد و پەیوەندی لەگەڵ حزبە کوردستانییەکان لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکاندا، لێپرسینەوەی لێکراوە.

مامۆستا حەسەن جەنگخاهـ، لە کاتی سەفەرکردن بۆ گوندی دزەی مەرگەوەڕ لە ورمێ دەستگیر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئەو شارە گواسترایەوە.

دڵخوازەكانتان