سزاكانی توركیا لە سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی بەردەوامن

ڕۆژنامەی سەباح لە زاری ئەندامێکی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکانی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە؛ “سزاکانی تورکیا لەسەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵگیراون”، بەڵام ئەو ئەندامە بۆ ئاڤا نیوز دەڵێت “وام نەگوتووە و هیچ بڕیارێکیش نییە بۆ هەڵگرتنی سزاکان”.


کاروان یاروەیس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکانی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند: “ئەو لێدوانەی ڕۆژنامەی سەباح لە زاری منەوە بڵاویکردووەتەوە، گوایە من گوتوومە تورکیا سزاکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵگرتووە، بەتەواوی دوورە لە ڕاستییەوە”.


15 رۆژ پێش ئێستا لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکانی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا کۆبوونەتەوە و باس لە فڕۆکەخانەی سلێمانی کراوە، بەڵام تورکیا هیچ بڕیارێکی لەبارەی هەڵگرتنی سزاکان نەداوە.


د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی پشتڕاستکردەوە “بڕیاری تورکیا بۆ ڕاگرتنی گەشتەکان بەردەوامە”.


 تورکیا لە ڕۆژی 4-3-2023 ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکەخانەکەی سلێمانیدا داخست، ئەوەش وەک بەرپرسانی وڵاتەکە دەڵێن، “سزادان”ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، بەهۆی ئەوەی پێیانوایە ئەو حیزبە “هاوکاریی پەکەکە” دەکات.

دڵخوازەكانتان