چەند سەرنجێك لەبارەی ھەردوو بڕیاری کۆتا و مووچە

فازڵ میرانی

لەم ڕۆژانەی دواییدا دوو بڕیاری دادگا تایبەت بە كوردستان دەرچوو، بۆیە پێموایە تەواوكەری وتارێکی بڵاوکراوەی ئەم دواییەم لەم کۆمێنتەدا دەبێت.

لەبەرئەوەی وەك پسپۆری، خوێندنی یاسام تەواو كردووە، ڕێزی دادوەری دەگرم لە سەرینی مەترسیداری كارەكەیەوە، چونکە دادپەروەری ئامانجێکی مەترسیدارە و ڕووبەڕووی هێزگەلێكی جیاجیا لە كاریگەرییدا دەبێتەوە، هێزگەلیك دژایەتی دادپەروەری دەکەن كە وا بڕیارە دەسەڵاتی دادوەری نوێنەرایەتی جێبەجێکردنی بکات.

لەڕووی سیاسییەوە بە لای منەوە ھەنگاوەکانی ئەم دواییە، لە جووڵەی شەترەنج دەچن، چونکە لەوانەیە پاڵنەری سیاسی بە نووسراوی لە بڕیارێكدا نەبینرێت، بەڵام سێبەرەکانی دیارن، نامەوێت دەرکردنی ھەردوو بڕیارەکەش پێكەوە بە جگە لە ڕێككەوت ناو ببەم، ئاخر نیازپاكی باشترە، بەڵام ئەگەر ئەو نیازپاكیە؛ پێكەوەدەرچوونی هەردوو بڕیارەكە بگرێتەوە، ئەوا هیچ نیازپاكیەك لە لابردنی كۆتای چەند پێكهاتەیەكی نەتەوەیی غەیرە كورد لە ئەنجوومەنی نیشتیمانی كوردستاندا نیە و لەم چەند خاڵەی خوارەوەشدا كورتی دەكەمەوە:

1- تەنانەت لە دەرەوەی حزبایەتیش، كوردستان فرە ئاین و فرە نەتەوەیە، ئەم پێکھاتانە مافی خۆیانە کاندیدەکانیان پێشکەش بکەن بۆ ئەندامێتی لە دەستەکانی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە ھەرێمی کوردستاندا، بەو ڕێژەیەی لە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردندا بەدەستی دێنن.

٢- یەك لە ماناكانی بڕیاری لابردنی بەشی پێکھاتەکان، پاڵپێوەنانی ئەو پێكهاتانەیە تا لە خاڵی سفرەوە دەست پێبکەنەوە و بچنە نێو پێشبڕکێیەکەوە لە دەرەوەی شوێنەكانی ژیانیان، بە واتایەکی تر، لەوانەیە ناچاری كۆچكردن ببن لە شوێن و ژینگەیەکەوە بۆ شوێن و ژینگەیەکی تر، شوێنێک کە بوونێکی ژمارەیی و قوڵایەکی مێژووییان تێیدا هەبێت و شایەتی ئەدائێكی لێكنەچوو دەبین لە کوردستان و لەشوێنێکی دیکەدا، ھەنگاوێک ھاوشێوەی ڕاگواستنێكی زۆرملی.

٣- کارێکی مەردانە نییە ڕۆڵی ئەم پێکھاتانە لە کاری ڕزگاریخوازیی نیشتیمانیدا بسڕینەوە، کاری بەرهەڵستكارییان بەرانبەر بەو ڕژێمانەی تاوانیان دژی گەلانی عێراق ئەنجام داوە، ئەم پێکھاتانە، پەیوەندیی مەرجەعییەتی ئاینی و نەژادی و ئایدۆلۆژییان ھەیە لەگەڵ چەندان نەتەوە و مەرجەعیاتی دوور و نزیک لەڕووی جوگرافیەوە لە ھەرێم و بەشەکانی دیكەی عێراق، نوێنەرانی ئەوانەی ئێستا (کۆتاکانیان) لابراون، ئەندام بوون لە پەرلەمان و وەزارەت و دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستاندا و خاوەن مێژوویەکی پڕ خەباتی ئەوتۆن کە پێویست بوو قەرەبوو بکرێنەوە و بە دەستوور بپارێزرێن.  

٤- من نامەوێت پێش ڕووداوەكان بکەوم، ھەرچەندە لۆژیکی تێڕوانینی بەشێک لەوانەی کە پێشوازی لە بڕیارەکە دەکەن داماڵینی کوردستانە لە پێكهاتەكانی بە شێوازێكی ڕێكخراوەیی، كە بە بەرتەسكردنەوەی دەستکەوت و مافەكان دەست پێدەكات تا دەگاتە ڕاكێشانیان بەلای هێزگەلێكدا لە دەرەوەی هەرێم، لەوانەیە كەسێك وەڵامم بداتەوە كە لە بنەڕەتدا ڕاكێشرابوون، خۆ ئەگەر كەسێك وای گوت، ئەوە ئیدیعایەكی بێ بنەمایە، ئێمە و پێكهاتەكانیش بەڵگەمان بەدەستەوەیە كە لە دەرەوەی كوردستان، چ پێگەیەكیان دەبێت و بەكوێ دەگەن، بەداخەوە. 

٥- لێكدانەوەكانمان هەڵقوڵاوی واقیعی ئەو ھەنگاوانەیە کە جار لەدوای جار لە دژی ئێمە دەنرێن، پێشتر ئێمە و ئەو پێکھاتانەی کۆتای پەرلەمانییان لابرا، دەكوژراین و ئەنفال دەكراین و بە گاز و ناپاڵم بۆردومان دەكراین، مەحكەمەی سەورە ئێمە و پێكهاتەكانی سەبارەت بە حزبایەتیكردنیان لە دژی ئەقڵیەتی ڕژێم، ئیعدام دەكرد و حوكم دەدا و لە كار دەردەكرد، تا دواتر پێكەوە بووینە جەنگاوەر لە پێناوی عێراقێكی باشتردا، لە عێراقی نوێشدا، گەمارۆ دەدرێین، لە سەرچاوەی فەرمی و بگرە سەروو فەرمییەوە، بووختانی زۆر نەشیاومان پێدەكرێت، لە بندەست و لە هاوسێوە ساروخباران دەكرێین، دواییش ئیرادەی یاسامان بەسەردا دەسەپێنن. 

ئەمانە چەند سەرنجێكی بەرایی بوون لەبارەی حوكمی لابردنی كۆتاكانەوە، بەڵام تەوتینی مووچەكان، لەوباوەڕەدام بۆ ئەوەی بیرۆكەی تەوتین سادە بكەینەوە بۆ ئەوانەی تێیناگەن و ناهەقیشیان نیە تێینەگەن ئەوەیە كە كارتێك دەدرێتە مووچەخۆران، بەپێی ئەو كارتە ئازادن بە نەختی یان بە حەواڵە پارەكەیان وەرگرن، خۆ ئەگەر ئەو حوكمە دواكەوت ئێمە لێی بەرپرسیار نین، بڕیارەكەش جۆرێك لە یەكسانی لە سادەترین شێوازیدا بۆ مووچەخۆرانی عێراقی بەدیدێنێت جا فەرمانبەر بێت، خانەنشین، خزمەتگوزار یان دابینی كۆمه‌ڵایەتی هەبێت. دوای ڕاپەڕین، ڕژێم مووچەی فەرمانبەرانی كوردستانی بڕی، دوای 2003 ش، هاوڕێیانی پێشووی خەبات مووچەیان بڕی، تۆمەتگەلمان بۆ هەڵدەبەستن، كەچی خۆیان كەس لێیان ناپرسێتەوە ئاخۆ چیان كردووە و چی دەكەن.  

بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان

دڵخوازەكانتان