مەسرور بارزانی دەچێتە هەڵەبجە و سلێمانی

بڕیارە سبەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی هەڵەبجە بکات و بەردی بناخەی پڕۆژەی پردی تووەقوت دابنێت.

ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت: سبەی سەرۆکوەزیران جگە لە دانانی بەردی بناخەی پردی تووەقوت، پێدانی تابلۆی ئۆتۆمبێلی ژمارە هەڵەبجە رادەگەیێنێت و فراوانبوونی کارگەی رۆنی راسانیش بەسەر دەکاتەوە.

پردی تووەقوت پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و و پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان پێکەوە دەبەستێتەوە؛ شەممەی رابردوو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبکردنی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی پڕۆژەکەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی داوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە رایگەیاندبوو، لە 2022ـەوە ئامادەن بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و چاوەڕێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بوون بۆ دانانی بەردی بناخە.

پردی تووەقوت لە 2008 نەخشە و دیزاینی بۆ کراوە و بودجەشی بۆ تەرخانکرا، بەڵام نەچووە بواری جێبەجێکردن. 

دڵخوازەكانتان