دادگای فێدراڵ و دەستێوەردان

سـەلام عەبدوڵڵا

ماوه‌یه‌كه‌ دادگای فیدراڵی له‌ به‌غدا، هه‌موو تواناكانی خستۆته‌گه‌ڕ بۆ دژایه‌تی سیسته‌می فیدراڵی كه‌ عێراقی نوێی، دوای رووخانی رژێم، له‌سه‌ر دامه‌زرا، ئه‌وه‌تا ڕۆژانه‌ به‌ به‌رده‌وامی خه‌ریكی تاوتوێی ئه‌و سكاڵا نادروستانه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن نه‌یار و ناحه‌زانی سیسته‌می فیدراڵی به‌ گشتی و سیسته‌می فیدراڵی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێ و بڕیار له‌ دوای بڕیار دژی هه‌رێمه‌كه‌مان ده‌رده‌كات كه‌ زۆربه‌یان دژی بڕگه‌ و خاڵه‌ ده‌ستوورییه‌كانن كه‌ له‌ ده‌ستووری حكوومه‌تی فیدراڵی عێراقدا به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی دانیشتووانی عێراق دانیپێدانراوه‌.

سوننه‌كان ئه‌گه‌رچی له‌ سه‌ره‌تادا مه‌سه‌له‌ی فیدراڵییان به‌ هه‌ند وه‌رنه‌ده‌گرت و به‌ چاوی گومانه‌وه‌ له‌و داوا ڕه‌وایه‌ی كوردیان ده‌ڕوانی و دژی ده‌وه‌ستان، ئێستا ئه‌وانیش گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ باشترین چاره‌سه‌ر بۆ دۆخی شێواوی ئه‌مڕۆی عێراق، پیاده‌كردنی فیدڕاڵییه‌ بۆ سوننه‌كانیش و ئه‌و داوایه‌ش ئێستا لای برا سوننه‌كان پشتگیرییه‌كی به‌رفراوانی لێده‌كرێت و داوایه‌كی زۆری له‌سه‌ره‌ كه‌چی له‌باتی ئه‌وه‌ی پێشوازی له‌و داوا ڕه‌واو دیموكراتییه‌ی به‌شێكی به‌رچاو گرنگی گه‌لانی عێراق كه‌ سووننه‌كانی بكرێ، فایه‌ق زه‌یدان سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ری له‌ عێراقدا زۆر به‌ توندی به‌رپه‌رچی ئه‌و داوایه‌ ده‌داته‌وه‌ و ئه‌م داوایه‌ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌ و دروستكردنی هه‌رێمێكی تر له‌ عێراقدا به‌ بابه‌تێكی نه‌گونجاو ڕێگه‌پێنه‌دراو له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات.

سیسته‌می فیدراڵی له‌ چه‌ندین وڵاتی جیهان به‌ سه‌ركه‌وتوویی پیاده‌كراو سوودی به‌ خودی وڵاته‌كانیان گه‌یاند، ئه‌م سیسته‌مه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا و له‌ ئه‌ڵمانیا و له‌ سویسڕا و هیندستان و ئه‌سیوپیا، بووه‌ هۆكاری په‌یوه‌ندییه‌كی باشتر و له‌بارتر و سه‌ركه‌وتووتر له‌ نێوان پێكهاته‌كانی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌دا و بووه‌ مایه‌ی پێشكه‌وتن و به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونیان له‌هه‌موو روویه‌كه‌وه‌.

ئیدی ئه‌م بۆچوونه‌ی سه‌رۆكی دادگای باڵا بۆ سوننه‌كانی نێو عێراقی بۆ به‌ داوایه‌كی ناواقعی و ناڕه‌وا ده‌زانێ و دژی ده‌وه‌ستێته‌وه‌، دیاره‌ برا سوننه‌كان ئه‌زموونی سه‌ركه‌وتوویی هه‌رێمی كوردستانیان له‌به‌رچاوه‌ بۆیه‌ ئه‌وانیش داوای پیاده‌كردنی ده‌كه‌ن، چونكه‌ له‌ ئێستای حوكمڕانی له‌ عێراقدا ئه‌وان هه‌ست به‌ ناهاوسه‌نگی ده‌كه‌ن.

عێراق تا نه‌بێته‌ ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵی و دیموكراتی ڕاسته‌قینه‌، هه‌رگیز سه‌قامگیریی به‌خۆیه‌وه‌ نابینێت و هه‌ر به‌ره‌و پاشه‌وه‌ ده‌چێت.

دڵخوازەكانتان