پەیامى پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی(٧١)ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان

بەڕێزان/ سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەت و هەڤاڵانی لیژنەکانی ڕاپەڕاندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان.. ئەمڕۆ یادی دامەزراندنی ڕێکخراوێکی کۆڵنەدەر و تێکۆشەر دەکەینەوە، یەکێتیی قوتابیانی کوردستان، ئەو ڕێکخراوە پیشەیی و، پێشەنگەی مایەی شانازیی توێژی قوتابیان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمانە.

یەکێتیی قوتابیانی کوردستان، لەسەر بنەمای کوردایەتی و ڕێبازی پیرۆزی (بارزانیی نەمر) بناغەی خۆی داڕشت و بەدرێژایی ئەو کاروانە سەرکەشەی توانیویەتی بە پێی پلان و بەرنامەیەکی ڕێکوپێک لە هەموو قۆناغەکاندا ڕۆڵی شیاو و گرنگی خۆی ببینێ. یەکێتیی قوتابیان، لە ڕێی پەیام و کاروچالاکییەکانییەوە ڕۆژ بە ڕۆژ هەوڵی داوە ئامانجەکانی بەدی بێنێت و دەستکەوتی زیاتر بۆ ئەو توێژە گرنگەى کۆمەڵگەکەمان دەستەبەر بکات و هەر لەو پێناوەشدا بێوچان دەیەها سەرکردە و کادیری لێوەشاوە و دڵسۆزی پێگەیاندووە.

دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیان لە(١٨شوباتی١٩٥٣) وەرچەرخانێکی گرنگ بوو لە کاروانی خەباتی ئازادیخوازی گەلەکەمان و بزووتنەوەی توێژی قوتابیان, لەبەرئەوەی بوو بە یەکەمین سەکۆی ڕێکخراوەیی و بەدیهێنەری خواست و ویست و مافە پیشەییەکانی قوتابیان. بایەخی توێژی قوتابیان هەمیشە لە بوارەکانی پەرەپێدان و ئاوەدانکردنەوەدا بەرچاو و گرنگ بووە، چونکە ئەوانن هەڵگری چرای زانست و فێربوون و ڕۆشنبیری و پێشکەوتن لە وڵاتەکەماندا، هەروەها جێی متمانەن بۆ پتەوکردن و قووڵکردنەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەری لە نێوان ئەو توێژە خوێنگەرمەدا.

لەو هەلومەرجەی ئەمڕۆشماندا خوازیارین هەمان رۆڵی شیاوی خۆتان ببینن وەک ئەرکی توێژێکی بونیادنەری وڵات و شانبەشنی چین و توێژەکانی دیکە بۆ بەرەوپشێبردنی کۆمەڵگەکەمان لەسەر بنەمایەکی ڕاست و دروستی هاوچەرخانە و داکۆکیکردن لە دەستکەوتەکانمان و قەوارە سیاسییەکەمان. لە بیرەوەرى(١٨ى شوبات) ساڵیادى دامەزراندى یەکێتیى قوتابیانى کوردستان و ڕۆژى قوتابیانى کوردستان دا، وێڕاى پیرۆزباییمان لە ئێوە و کادیر و ئەندامانی ڕێکخراوەکەتان، گەرمترین پیرۆزبایى ئاراستەى سەرجەم قوتابیانى خۆشەویستى کوردستان دەکەین.

جارێکی دیکە پشتیوانی خۆمان بۆ یەکێتیی قوتابیان دووپات دەکەینەوە و، هیوادارین وەک هەمیشە و بەردەوام لە ئاست ئەو ئەرکە پیرۆزەتان بن و مایەی متمانەی توێژى قوتابیان و پێشەنگی بزووتنەوەی ڕێکخراوەیی قوتابیان بن بۆ بەرجەستەکردن و بەدیهێنانی مافەکانیان و خزمەتگەیاندن بە ڕەوتی زانست و کایە ڕۆشنبیرییەکان. سڵاو لە گیانی پاکی ئەو شەهیدە نەمرانەی لە ڕێگای سەروەری و سەرفرازی یەکێتییەکەتان و مافە ڕەواکانی گەلەکەمان قوربانیاندا و گیانیان بەخشی. سڵاو لە(٧١) ساڵ خەباتی نەپساوە و بەردەوامی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان. مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ١٧ ی شوباتی ٢٠٢٤

دڵخوازەكانتان