شاخەوان عەبدوڵڵا: داواکاریی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لە دەرەوەی بەغدا رەتکرایەوە

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، داواکارییەکیان لەلایەن پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە بەدەست گەیشتووە بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان لە دەرەوەی بەغدا، بەڵام رەتیان کردووەتەوە. ئەوەش لەکاتێکدایە کە پێشتر باس لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لە سلێمانی دەکرا.

 شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆتۆڕی میدیایی رووداوی راگه‌یاند رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی “بە هەموو شێوەیەک یەکدی رەتدەکەنەوە” و بە گوتەی ئەو “نێوەندگیرییەکان لەنێوان سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی بێ ئەنجام بوون.”

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، داوایان لێکرابوو لە دەرەوەی بەغدا و باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق کۆببنەوە، بەڵام ئەو داواکارییەیان رەتکردووەتەوە، کە بە گوتەی ئەو داواکارییەکە لەلایەن پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە پێشکێش کراوە.

شاخەوان عەبدوڵڵا هۆشداریی دا لەوەی کە بەردەوامبوونی ئەو دۆخەی ئێستا “دەبێتە هۆی داڕمانی سیاسی لە عێراق.” دەشڵێت، “ئەگەر ئەم بارودۆخە چارەسەر نەکرێت، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستی دەبێت.”

لەبارەی پێداگیریی سەدر لەسەر داخوازییەکانی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، “دەبێتە هۆی گەیشتن بە بنبەستی سیاسی.”

دڵخوازەكانتان