ئایا درۆنەكان هێڵی پەیوەندیەكانی هەرێم و بەغدا دەپچڕێنن

هەرێم و بەغدا لەدوای ٢٠٠٣ ەوە بەردەوام چەندین كێشە لەنێوانیاندا بە هەڵپەسێردراوی  و بێ چارەسەر مایەوە ، گرنگترین ئەو كێشانە مادەی ١٤٠ و یەكلا نەکردنەوەی  ناوچە كێشە لەسەرەكان، دەسەلاتەكانی هەرێم لەبابەتی سود وەرگرتن لە سامانی ژێر زەوی كوردستان، بابەتی بودجە، پێكهاتەی هێزە ئەمنی و هەواڵگری و سەربازیەكانی ئێراق و پشكی كورد تێیاندا و زۆر كێشەی دیكە، دواتر شەڕی داعش و گەمارۆی ئێراق لەسەر هەرێم تایبەت بە ناردنی پێداویستی سەربازی بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش، دوای ئەوانەش ئیستغلال كردنی شەڕی داعش و پەلاماردانی كوردستان و دەستبەسەرداگرتنی كەركوك و ناوچە جێ ناكۆكەكان لەلایەن بەغداوە.

دوای ئەمانەش ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم و گەمارۆی ئابووری و بودجە خستنە سەر هەرێم كە وەك خەنجەرێك تاسەر ئێسکی هەرێمی بردووە، ئێستا لە دوایین گۆڕانكاڕیدا دوژمنكاری بەغدا بەرانبەر هەرێم گەیشتۆتە شەڕی درۆن و هێرشی ئەم درۆنانە بۆسەر شوێنی جیاجیا له هەرێم بەبیانووی لێدان لە بنكەو بارەگاكانی هێزەكانی ئەمریكا، دوا پەرەسەندنیش بەئامانجگرتنی بارەگایەكی هێزی پێشمەرگە لە هەستیارتریین ناوچەی هەرێم، ئەمەش چەندە ئامانجێكی سەربازی لەپشتە سەد هێندە ئامانجی سیاسی لە پشتە، هەرێمی كوردستان هەرزو ڕایگەیاند كە ئەوان لە پەیامی پشتی ئەو هێرشە درۆنیە بۆسەر بارەگای پئشمەرگە تێدەگەن و كۆدەكانی ئەو یاریە كە دەوڵەتێكی دراوسێ لەپشتیەتی بەباشی تێدەگەن ،هەر بۆیە سەرۆك وەزیرانی ئێراق و حكومەتی ئێراقیان ئاگادار كردەوە لەوەی كە ئەگەر ئەم یاریە دوژمنكاریە بەردەوام بێت ئەوا هەرێمیش كاردانەوەو وەڵامی دەبێت و بێ هەڵوێست و بێ دەنگ دانانیشێت.

بەرپرسانی باڵای هەرێم هەمیشە جەختیان لەوە كردۆتەوە كە هەرێم نایەوێت و ڕێگە نادات ئاسایش و ئارامی هیچ وڵایێكی دراوسێ تێك بچێت و ناشیەوێت ئاسایش و ئارامی ناوخۆی ئێراقیش تێك بچێت، چونكە ئاسایش و ئارامی ئێراق بەئاسایش و ئارامی خۆی دەزانێت، بەڵام ڕێگەش نادات هەندێك میلیشیای لەیاسا دەرچوی توندڕەوی مەزهەبی بە چاوپۆشی حكومەتی ناوەندو بە پشتیوانی هێزە سیاسیە دەسەڵاتدارەكانی بەغدا ئاسایش و ئارامی هەرێم تێك بدەن.

خەڵك ئومێدیان بەوە هەبو كە ساڵی ٢٠٢٤ ساڵی یەكلا كردنەوەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداو چارەسەری كێشەی بودجەو شایستە داراییەكانی هەرێمە، بەڵام درۆنەكان ڕەنگە ئەو ئومێدەی خەڵك لەبار ببەن.

شەڕی دڕۆنەكان شەڕی ڕاستەقینەی كورد و پێشمەرگە نییە، بەڵكو شەڕی ئێران و ئەمریكاو ئێران و ئیسرائیل و غەززەیە، بەڵام چونكە درۆنەكان كاریگەری لە ئەمریكا ناكەن و نایشگەنە هیچ بنكەیەكی ئیسرائیل بۆیە دەیانەوێت بە لێدان لە هێزی پێشمەرگە وابكەن كە هەرێم بخەنە دۆخێكەوە كە تەسلیم بێت و دواتر هەر هەرێم خۆی شەڕی ئەمریكیەكان بكات، شەڕێك كە میلیشیاكان چەندین ساڵە دژی ئەمریكادەیكەن و هیچیان سەوز نەكردووە.

 سەرۆك وەزیرانی ئێراق بەڵێنیدا ئەو دەستانە بدۆزێتەوەو سزایان بدات كە بارەگاكەی پێشمەرگەیان بۆردومان كرد، كوردیش چاوەڕێی ئەنجام و بەجێهێنانی ئەو بەڵێنەیە، داهاتویش لەسەر ئەوە وەستاوە، ئەگەر بەڵێنەكە جێبەجێ كرا ئەوە قۆناغی مەترسی پێكدادانی نێوان هەرێم و بەغدا تێدەپەڕێنرێت، ئەگەر جێبەجێش نەكرا ئەوە ئەگەرەكان بەكراوەیی دەمێننەوە بۆ هەر پێشهاتێكی دیكە.

دڵخوازەكانتان