سلێمانی… سێ کەس بە تۆمەتی “بازرگانیكردن بە جەستەی مرۆڤەوە” دەستگیرکران

لە سلێمانی بە تۆمەتی بازرگانیكردن بە جەستەی مرۆڤەوە؛ سێ‌ کەس لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی “ئەزمەڕەوە” دەستگیركران.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاویکردووەتەوە، “ئەمڕۆ چوارشەممە، 31-01-2024، دوای ئەوەی زانیاری گەیشتە دەست هێزەكانی پۆلیس كە سێ‌ تۆمەتبار بازرگانی بە جەستەی مرۆڤەوە دەكەن؛ هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی ئەزمەڕەوە تۆمەتباران بدۆزرێنەوە و دەستگیربكرێن”.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەو سێ تۆمەتبارەی دەستگیرکراون بەناسنامە “عەرەبن” و بریتین لە: (ت. م. ج .) ، (م. ب. ك.) و (س، ك، ش). پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی (2) لەیاسای نەهێشتنی بازرگانیكردن بەجەستەی مرۆڤەوە؛ ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.

زۆربەی وڵاتانی جیھان یاسای تایبەتیان دەرکردووە بۆ ڕێگریکردن لە بازرگانیکردن بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤ، لەو وڵاتانەش عێراق و تەنانەت لە ھەرێمی کوردستانیش، یاسایەکی تایبەت ھەیە بۆ ڕێگریکردن لەو جۆرە بازرگانیکردنە و سزادانی ئەنجامدەرانی، کە ئەویش یاسای ژمارە (1)ی ساڵی (2018)ی بەخشین و چاندنی ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤە.

بەپێی ماددەی (17)ی یاسای ناوبراو هەر كەسێك بازرگانی بكات بە کڕین یا فرۆشتن بە ئەندامێکی جەستەی خۆی یان کەسێکی دیکە، سزاکەی بریتییە لە بەندكردن بۆ ماوەیەک کە لە (7) ساڵ زیاتر نەبێت یان پێبژاردن لە نێوان (10) تا (20) ملیۆن دینار، سزای تاوانبار قورستر دەبێت ئەگەر بێت و کەسی بەرامبەر بەهۆی ئەم کارەوە بمرێت، سزاكەی بریتی دەبێت لە زیندانیکردن بە ماوەیەک کە زیاتر نەبێت لە (10) ساڵ یان پێبژاردن لە نێوان (30) تا (50) ملیۆن دینار.

دڵخوازەكانتان