مەسرور بارزانی لەبارەی هێرشەکانی سەر هەولێر: نابێت بێ وەڵام بمێننەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر گوتی، نابێت ئەم هێرشانە بێ وەڵام بمێننەوە. هەروەها تۆمەتەکانی ئێرانی رەتکردەوە و رایگەیاند، “کوردستان شوێنێکی ئارامە و ئەو دەنگۆیانە بێبنەمان.”

رۆژی سێشەممە، 16-1-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس لە سویسرا بەشداربوو، لەبارەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی دوێنێ شەوی ئێران بۆ سەر هەولێر گوتی، “بە هێرشێکی بێپاساو و نامەردانە هەولێر دیسان کرایەوە ئامانج و چەندین کەس گیانیان لەدەستدا و برینداربوون. نابێت ئەم هێرشانە بێ وەڵام بمێننەوە.”

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی هۆکاری هێرشەکانەوە گوتی، “ئەم دوژمنکارییە هیچ هۆکارێکی نییە و بێپاساوە. ئێمە سەرمان سوڕماوە، نازانین بۆچی ئێران هێرش دەکاتە سەر سڤیلی ئێمە بەتایبەت لە هەولێر. ئێمە رقمان بەرامبەر هیچکام لە دراوسێکانمان نییە بە تایبەت ئێران.”

لەبارەی هەڵوێستی عێراقەوە، مەسرور بارزانی رایگەیاند، حکومەتی عێراق سەرکۆنەی رووداوەکەی کردووە و ئەمڕۆ تیمێکی لێکۆڵینەوەی ناردووەتە هەولێر بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لەو رووداوە بکەن

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رۆژنامەڤانانی گوت، “ئەمریکا لەسەر بانگێشتی حکومەتی عێراق لە عێراقە. ئەرکی ئەوان شەڕکردنی تیرۆرە و ئێمە پێمان وانییە تیرۆر کۆتایی هاتووە. رووداوەکەی دوێنێ شەو ئاماژەیەک بوو کە ناسەقامگیریی ناوچەکە هێشتا هەیە و بەرزە.” 

مەسرور بارزانی دەنگۆیەکانی ئێران کە گوایە دەزگەی سیخوڕی و سەر بە ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان هەبن رەتکردەوە و بە “بێ بنەما”ناویبردن. هەروەها گوتیشی، “ئەوەی ئێمە گرنگی پێدەدەین ئەوەیە خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین و لە وڵاتی خۆمان بە ئازادیی بژین.”

دوای کەمێک لە هێرشەکانی سەر هەولێر، سوپای پاسداران هێرشەکەی لە ئەستۆگرت و رایگەیاند، “خەڵکی شەریف و قارەمانی ئێران ئاگادار دەکەینەوە، بە پشتیوانی خودا، وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ تاوانە تیرۆریستییەکانی ئەم دواییانەی دوژمنانی ئێران، بنکە سیخوڕییەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی گروپە تیرۆریستییەکانی دژبەری ئێران درەنگانی ئەمشەو، لە هەندێک شوێنی ناوچەکە، بە مووشەکی دوورهاوێژ کرانە ئامانج.”

دڵخوازەكانتان