سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، دۆخی ئاسایشی عێراق و پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

ئەو کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، لە شاری بەغدا بە بەشداریی نێچیرڤان بازرانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی حیزبی رێوڕەسمی ساڵیادی تیرۆرکردنی محەممەد باقر حەکیم ناسراو بە “شەهیدی میحراب” بەڕێوەچوو، تێیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکێش کرد.

لە گوتارەکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی ژیانی محەممەد باقر حەکیمی کرد گوتی، “شەهیدی دەستی تیرۆر، لە دوورەوڵاتەوە هاندەرێکی سەرەکی خەباتی پێکەوەیی ئۆپۆزیسیۆنی عێراق بوو بۆ رزگارکردنی گەل لە چەوساندنەوە و دیکتاتۆرییەت؛ دەبێت بە کردەوە وەفاداری خۆمان بۆ شەهیدی میحراب و هەموو شەهیدان نیشانبدەین، ئەویش بە نەهێشتنی هەموو جۆرێکی چەوساندنەوە و نایەکسانی لەگەڵ دوورکەوتنەوەی هەموو حیزبەکان لە گواستنەوەی رکابەری نێوانیان بۆ نێو کۆمەڵگە و پێکهاتەکانی عێراق.”

بەشێکی دیکەی گوتارەکەی تایبەت بوو بە دۆخی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و نەبوونی مووچە و بودجە و کاریگەرییان لەسەر سەرجەم کەرتەکان، نێچیرڤان بارزانی باسی لەوەکرد، “ئێستا لەبەر نەبوونی بودجە و مووچە لە هەرێمی کوردستان، فەرمانبەران و خەڵک لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژین و ئەوە کاریگەرییەکی خراپی کردووەتەسەر هەموو کەرتەکان لە هەرێمی کوردستان. زۆر پێویستە ئەو کێشە گەورەیە بەزوویی چارەسەر بکرێت، ئەوەش بەرپرسیارێتی هەموومانە، چونکە هەرێمی کوردستان و فەرمانبەرەکانی بەشێکن لە عێراق. بۆیە داوا لە تەواوی سەرکردە و لایەنە سیاسییەکان، فراکسیۆنەکان و هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەم پشتیوان بن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی ‌هەرێمی کوردستان”.

سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی عێراق و هێرشە درۆنییەکانی ماوەی رابردوو، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “پێشێلکردنی دەسەڵاتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق [محەممەد شیاع سوودانی] بە هێرش بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان و پێشمەرگە کاری حکومەت تێکدەدات و ئاڵۆزی دروست دەکات؛ ئەو هێرشانە زیانێکی زۆریان بە ئاسایش و ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستان گەیاندووە و دڵە راوکێی لە هەموو بازاڕی عێراقیشدا دروستکردووە، دەرفەتیشی داوەتە تیرۆریستانی داعش هێرشەکانیان زۆرتر بکەن”.

هەروەها لەبارەی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە،”هێزەکانی هاوپەیمانان لەسەر داوای عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش هاتوون؛ پێویستە دەرفەت بدرێتە حکومەتی فیدراڵی و بەڕێز سەرۆکوەزیران سوودانی کە بە گوێرەی پێویست بە پلانێکی هاوبەش لە زەوینەکی ئارامدا گفتوگۆیان لەگەڵدا بکات، بۆ رێککەوتن لەسەر داهاتووی هاریکاری نێوان هاوپەیمانان و عێراق. دەبێت دەزگا نیشتمانییەکانی عێراق کاری خۆیان بکەن، بەپێچەوانەوە خەڵکی عێراق دەخرێنە کێشە و ئاڵۆزیی نوێوە، لەکاتێکدا عێراق لەئێستادا زیاتر لە هەموو شتێک پێویستی بە پاراستنی سەقامگیرییەکەی هەیە”.

دڵخوازەكانتان