لە ئەمریكا بە یاسا پشتگیری هەرێمی كوردستان دەكرێت
دادوەر ستیڤن شوێبڵ، لە شیکارێکی یاسایی گرنگدا، پشتگیریی تەواوی مافە دەستوورییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لەبارەی بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت و گاز. ئەم بۆچوونەی دادوەر شوێبڵ کە پشتی بەستووە بە تێگەیشتنێکی ورد لە یاسای نێودەوڵەتی و دەستووری عێراق. دووپات لەسەر مافی ڕەوا و دەسەڵاتی یاسایی و دەستووریی حکوومەتی هەرێم دەکاتەوە بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوە نەوتی و گازییەکانی.
شوێبڵ بە وردی دەستووری عێراقی ساڵی 2005 شی دەکاتەوە و دووپات لەوە دەکاتەوە، هەرێمەکان، وەک هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکانیان هەیە لەڕێی لێکدانەوەی مادەکانی 110 و 114 و 115 و 121 ی دەستوور کە بە کۆی گشتی، دەسەڵاتی نەوت و گاز نادات بە حکوومەتی فیدراڵی، بەڵکو ئەم مادانە ڕێ بە هەرێمەکان دەدەن کۆنترۆڵی چۆنیەتیی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە ناوچەکانی خۆیان بکەن.
دادوەر شوێبڵ شیکارییەکی وردی بۆ بڕیارەکەی ساڵی 2022 ی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق کردووە کە تێیدا یاسای نەوت و گازی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ساڵی 2007ی بە نادەستووری لە قەڵەم دا. ئەو دادوەرە دژی ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵیی عێراقە و پێی وایە، حکوومەتی هەرێم مافی دەستووریی خۆیەتی یاسا و ڕێسا بۆ کەرتی نەوت و گاز دابنێت. دادوەر شوێبڵ هاوڕای بیروبۆچوونەکانی پرۆفیسۆر جەیمس کراوفۆردە لەبارەی مافی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ بڕیاردان لەسەر گەڕان بەدوای نەوت و دەرهێنانی کە بێگومان دەسەڵاتی زیاتر بە هەرێمی کوردستان دەبەخشێت.