وادەیەکی نوێی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەكرێت

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، بۆ تاوتوێکردنی دیاریکردنی وادەیەکی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و خشتەیەکی نوێی هەڵبژاردن.

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی (04-01-2023) رایگەیاند، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی سەربەخۆی هەڵبژادنەکان بە فەرمی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی ئاگادارکردووەتەوە، کە رۆژی 25-02-2024 ناتوانێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبەببات، ئەوەش بە هۆکاری یاسایی، دارایی و تەکنیکی.

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن خشتەی کارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لەسەر بنەمای یەک بازنەی هەڵبژاردن دیاری کردبوو بۆ هەڵبژاردنی 25-02-2024، بەڵام ئێستا نازانێت هەڵبژاردنەکە چۆن بەڕێوەدەچێت یەک بازنەیی، یان فرە بازنەیی دەبێت، چونکە رێکارەکان و خشتەی کار گۆڕانکارییان بەسەر دێت، بۆیە چاوەڕێی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی دەکەن و نازانن هەڵبژاردنەکە بە یەک بازنەیی یاخود فرە بازنەیی دەبێت.  

سەبارەت بە خەرجی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، جومانە غەلای گوتی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە وەزارەتی دارایی کرد پارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خەرج بکات کە نزیکەی 70 ملیار دینارە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق درەنگ ئەو پارەی خەرج کرد، پارەکە کۆتایی مانگی دوانزەی 2023 گەیشتە کۆمیسیۆن، ئەوەش یەکێک لە هۆکارەکانی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو.

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، “بڕیارە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لەگەڵ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی دیاریکردنی وادەیەکی نوێی هەڵبژاردن، خشتەیەکی نوێی هەڵبژاردنی بەشێوەی گریمانەیی دەبێت و لەگەڵ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان تاوتوێی دەکات؛ بەڵام تائێستا وادەی ئەو کۆبوونەوەیە دیاری نەکراوە.” 

دادگەى باڵاى فیدراڵى لە 21ـی کانوونى دووەمى 2024، دانیشتنێکى دیکە دەکات بۆ تاوتوێکردنى سکاڵایەک کە لە دژی یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پێشکێش بە دادگەکە کراوە. سکاڵایەکە لە دژی مادەکانی 1، 9، 15، 22 و 36 ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە، کە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، سەرۆکی فراکسیۆنی کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراوە، سکاڵاکان تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی هەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان کراوە.

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق جەخت لەوەدەکاتەوە، دادگەی باڵای فیدراڵی هەر بڕیارێک بدات کۆتاییە، تانەی لێنادرێت، کۆمیسیۆن هەموو لایەک پێوەی پابەندە، بۆیە دادگە بڕیاریدا بازنەی هەڵبژاردن هەر چەند بێت، یەک، چوار و دە بازنەیی بێت پێوەی پابەند دەبن.

هەروەها راشیگەیاند، شەش مانگ پێوەری گشتی کۆمیسیۆنە بۆ بەڕێوەچوونی هەر  هەڵبژاردنێک، هەڵبژاردن لە 18 پارێزگا، یان 15 پارێزگا، یاخود 3 پارێزگا ئەمە دەکەوێتە سەر سرووشتی هەڵبژاردنەکە، بەڵام نازانین ئێستا کۆمیسیۆن پێویستی  بە چەند کاتە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەیدا، تائێستا لەوبارەوە هیچ بڕیارێکی نەداوە. 

لەبارەی بازنەکانی هەڵبژاردن و دابەشکردنی کورسییەکان بەسەر ئەو بازانەدا، جومانە غەلای، بێئاگایی خۆی دەربڕی و گوتی ئەمە بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵییە، هەموو دەبێت پێوەی پابەند بن، دابەشکردنی کورسییەکان و هەژمارکردنیان بەپێی دەستەی هەڵبژاردنی کۆمیسیۆن دەبێت، ئەمە تایبەتە بە کۆمیسیۆن و لەوبارەوە لیژنەیەکی تەکنیکی پسپۆریان هەیە، کۆمیسیۆن دەیەوێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت.

دڵخوازەكانتان