سەرۆك بارزانی لەگەڵ سكرتاريیەتی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان كۆبوویەوە
ئهمڕۆ یهكشهم 17ی كانوونی یەكەمی 2023 لە سەلاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ سكرتێر و ئەندامانی سكرتارییەتی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان كۆبوویەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی لە گوتەیەكدا وێڕای ئاماژەدان بۆ ڕۆڵی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی گەلی كوردستان، قوربانیدان و ماندووبوونی ئافرەتانی كوردستانی بەرز نرخاند و بە پێویستی زانی كە لە قۆناغی داهاتوودا یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان لە پێگەیاندن ئافرەتان و قووڵكردنەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی و نیشتیمانیی ئافرەتان بە گڕوتینێكی زیاتر و سەردەمییانە بەردەوام بن. هەروەها كار بۆ بەرگریكردن و پاراستنی مافەكانی ئافرەت لە كایە جۆراوجۆرەكانی كۆمەڵگەی كوردستانیدا بكەن.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی سكرتێر و ستاڤی سكرتارییەتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستانی كرد كە ئەركەكانیان بە باشی بەجێگەیاندووە و پەیوەست بە بەستنی كۆنگرەی نۆیەمی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان لە داهاتوویەكی نزیكدا ئامۆژگاری و ڕێنوێنی پێویستی خستەڕوو.