لیزا فەلەکەدین: ماڵی هەموو کوردێکی کەرکووک بە بارەگای پارتی دەزانین

لیزا فەلەکەددین دەڵێت، پارتی قوربانی زۆری بۆ کەرکووک و کەرکووکییەکان داوە، “بۆیە کاندیدانمان دەتوانن بە سەربەرزانە داوای دەنگی دەنگدەران بکەن”. راشیدەگەیەنێت، “ماڵی هەموو کوردێکی کەرکووک بە بارەگای پارتی دەزانین”.

رۆژی سێشەممە، 12-12-2023، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەو دوو سکاڵایەی رەتکردەوە کە داوایان کردبوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دوابخرێت و رایگەیاند، هەڵبژاردنەکە لە کاتی خۆیدا دەکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 13-12-2023، لیزا فەلەکەددین کاکەیی، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووکی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاند، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی “مایەی دڵخۆشییە بۆ ئێمە وەکو پارتی و گەرموگوڕتر بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەین”.

بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، وەکو ئەوەی کاکەیی باسی کرد، “بۆ پرسی کورد زۆر گرنگە، بەوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەکاتی خۆیدا بکرێت و دوانەخرێت؛ وەکو پارتی هەمیشە لەگەڵ ئەوەدابووین هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت”.

دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە ساڵی 2005 کراوە. بڕیارە، رۆژی 18ـی ئەم مانگە و دوای 18 ساڵ، جارێکی دیکە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکە بکرێتەوە، ئەنجوومەنەکە بۆ ئەم جارە لە 15 کورسی پێکدێت و، 248 کاندید لە 10 هاوپەیمانییەتی، پێنج لیستی پارتی سیاسی و سێ کاندیدی سەربەخۆ، کێبڕکێ لەسەر ئەو کورسییانە دەکەن.

بە گوتەی یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووکی پارتی، “نەکردنی هەڵبژاردنەکە بۆ ماوەی 18 ساڵ کاریگەریی زۆر نەرێنی کردووەتە سەر کەرکووک و ئەو ئیدارەیەی شارەکە بەڕێوەدەبات”.

ئەو بەرپرسەی پارتی جەختیکردەوە، “خەڵکی کەرکووک ئاشنای سیاسەتی پارتییە و، ئاشنایە بەوەی ئەم پارتە هەمیشە لەپێناو کەرکووک و کەرکووکییەکان قوربانی داوە، بۆیە کاندیدانمان دەتوانن بە سەربەرزی داوای دەنگ لە خەڵکی ئەم شارە بکەن و پێشوازییەکی زۆر باش لەلایەن خەڵکەوە هەیە”.

لیزا کاکەیی، کە هاوکات ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتییە؛ گوتیشی، “بەڵێن دەدەین لە کەرکووک دەمێنینەوە، بارەگاکانمان کراوە دەبن و خزمەتی خەڵکی خۆمان دەکەین. ماڵی هەموو کوردێکی کەرکووک بە بارەگای پارتی دەزانین؛ ئەو کاتەی ئێمە لێرە نەبووین، توانیویانە خزمەتی کورد و پارتی بکەن”.

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی بە پێویستی دەزانێت “هەموومان رۆژی 18ـی ئەم مانگە بچینە سەر سندووقەکانی دەنگدان و وەڵامی ئەو ئەقڵییەتە شۆفێنییە بدەینەوە کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ ستەمی لە هاووڵاتییانی کوردی کەرکووک کردووە”.

دڵخوازەكانتان