نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە یادی ٧١ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستاندا ڕایگه‌یاند دڵنیا بن کە بۆ ھەمیشە لەپێناو مافەکانتان ھاوکار و پشتیوانتان دەبم

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە یادی ٧١ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستاندا، بە گەرمی پیرۆزبایی لە تەواوی ئافرەتانی کوردستان دەکات و دەڵێت، ھیوای سەرکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم و‌ دڵنیا بن کە بۆ ھەمیشە لەپێناو مافەکانتان ھاوکار و پشتیوانتان دەبم

دەقی پەیامی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان: یادی (71) ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان بە گەرمی لە تەواوی ئافرەتانی کوردستان پیرۆز دەکەم. خەبات و قوربانیدان و تێکۆشانیان لەپێناو پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و ئازادی و یەکسانیدا، بەڕێز و پێزانینەوە ھەڵدەسەنگێنم و ھیوای سەرکەوتنی بەردەوامیان بۆ دەخوازم.

یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان وەک ڕێکخراوێکی پێشەنگی پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان، لە ھەردوو سەردەمی شۆڕش و ئازادیدا، ڕۆڵێکی دیاری لە خەباتی مەدەنیی کۆمەڵگەی کوردستاندا گێڕاوە. وێرای پارێزگاریکردن لە مافەکانی ئافرەتان، بە سەدان ئافرەتی بەتوانای لە ھەموو بوارەکاندا و چەندین کادیر و سەرکردەشی پێگەیاندووە کە لە ھەموو کایەکانی ژیاندا خزمەتیان بە وڵات کردووە و دەکەن. کۆمەڵگەیەکی کراوەی ئازاد و پێشکەوتووی مەدەنی، بێ ئازادیی ئافرەت و مسۆگەریی تەواوی مافەکانیان نایەتە دی، بۆیە لەم یادەدا ھەموو پشتگیرییەک لە خەباتی ئافرەتان دووپات دەکەمەوە. با یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و ھەموو ڕێکخراو و بزووتنەوەیەکی ژنان لە کوردستان دڵنیا بن کە بۆ ھەمیشە لەپێناو مافەکانیاندا، ھاوکار و پشتیوانیان دەبم.

دڵخوازەكانتان