ئەمریكا هۆشداریی توند بۆ بەغدا ده‌نێرێت

لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا پەیوەندییەکی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجامدا و راگەیاندووە کە “ئەمریکا مافی وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەی هەیە کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دەکرێنە سەری.”

ئەمڕۆ شەممە، 9ـی کانوونی یەکەمی 2023، پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لۆید ئۆستن لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی جەختیان لە “گرنگی پاراستنی” سەرباز و کارمەندە ئەمریکییەکان لە عێراق کردووەتەوە.

وەزیری بەرگریی ئەمریکا سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکای لە بەغدا و هەموو ئەو هێرشانە کرد کە لە عێراقەوە دەکرێنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان. لە راگەیێندراوەکەی پات رایدەردا هاتووە، “ئەمریکا مافی ئەوەی هەیە کە وەڵامی ئەو هێرشانە بداتەوە کە دەکرێنە سەر سەرباز و کارمەندە ئەمریکییەکان.” 

 بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، “گرووپە چەکدارەکانی وەکو کەتائیبی حیزبوڵڵا و بزووتنەوەی نوجەبا کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن بەرپرسی زۆربەی ئەو هێرشانەن کە دەکرێنە سەر هێزەکانی هاوپەیمانان.” 

 پێنتاگۆن دەشڵێت: “هەڕەشە و هێرشەکانی کە دەکرێنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان سەروەری و سەقامگیریی عێراق تێکدەدەن و مەترسی دەخەنە سەر سەلامەتی هاووڵاتییانی سڤیلی عێراق و هەڵمەتی شکستپێهێنانی رێکخراوی داعش.”

هاوكات بەرپرسێکی باڵای عێراق ئاشکرایكرد کە واشنتن “لایەنەکانی بەغدای ئاگادار کردوەتەوە کە وەڵامی داهاتوی یەکلاکەرەوەتر دەبێت”، واشنتن داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق کردوە “هەمو شتێک لە توانایاندایە بیکەن بۆ پاراستنی کارمەندانی دیپلۆماسی و ئاسانکاری و هاوبەشەکانی هاوپەیمانی”.

دڵخوازەكانتان