فەرهاد محەمەد: وامزانی خەڵات دەكرێم ، کەچی دەریانکردم

فەرهاد محەمەد، بەڕێوەبەری پێشووی تەندروستی چەمچەماڵ رایگه‌یاند، هەموو خەڵکی چەمچەماڵ و کوردستان زانییان کە حەوزی سەرەکی ئاوی خواردنەوەی شاری چەمچەماڵ حەوت ساڵە پاکنەکراوەتەوە و پڕبووە لەزبڵ و پیسی و خاشاک، به‌ڵام “من لەسەری هاتومەتە دەنگ و لەسەر ئەوە دەریان کردوم”.

فەرهاد محەمەد له‌ نوسینێکدا به‌ ناونیشانی “لەجیاتی ڕونکردنەوە” باسی له‌وه‌کردووه‌، “ژمارەیەکی زۆر لە دۆست و هاوڕێانم چەند رۆژێکە داوای ئەوەم لێدەکەن رونکردنەوەیەک بنوسم و هۆکاری ئەوە ئاشکراکەم کە بۆچی ناچاریان کردم دەسلەکاربکێشمەوە؟!

ئاماژه‌ی به‌وه‌کردووە، وەڵامەکەی ئه‌و لەم چەند ڕۆژە هەر ئەوەبوو کە “من بێئومێد بوم لە قسەکردن و چیتر نامەوێت قسەبکەم و سودی چیە واهەموو خەڵکی چەمچەماڵ و کوردستان زانییان کە حەوزی سەرەکی ئاوی خواردنەوەی شاری چەمچەماڵ حەوت ساڵە پاکنەکراوەتەوەو پڕبووە لەزبڵ و پیسی و خاشاک و من لەسەری هاتومەتە دەنگ و لەسەر ئەوە دەریان کردوم؟!”.

فەرهاد محەمەد ده‌ڵێت، “سودی چیە ئەگەر هەمو خەڵکی چەمچەماڵ ئاگادارکەمەوە کە قەسابخانەکەیان لە زبڵدان پیسترە و هەرچی مەرجی تەندروستی هەیە تیایی نیە؟!، من ویستم ئەمجارەیان وەک پێشوو نەکەم ، وەك هەموو ئەوانەی تر دەستبگرمە کڵاوەکەی خۆمەوە و بێدەنگ ببم و بەبێ بێدەنگی ئەو شارە بۆهەتا هەتایە بەجێبێڵم و خەریکی ژیانە تایبەتەکەی خۆم بم”.

دەشڵێت، “وا ئێستا ئاگادارمکردنەوە و بەهەموو دەنگم هاوار دەکەم: حەوت ساڵە حەوزی ئاوی خواردنەوەی شارەکەیان پاکنەکراوەتەوە، قەسابخانەکەشیان هیچ مەرجێکی تەندروستی تیا نییە بزانم چەن کەس لەجیاتی من دێنە دەنگ؟! ، وامزانی ئەگەر تاوان کەشف بکەم ڕێزم لێدەگرن کەچی دەریانکردم”. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، “وامزانی لەسەر ئەو كارانەی كردوومن، پەیکەری ڕێزلێنانم بۆ دروستدەکەن و منداڵەکانم شانازی بە پەیکەرەکەی باوکیانەوە دەکەن، کەچی لەبەر خاتری خاترداران کە خانویان لەسەر حەوزی ئاوخواردنەوەی شارەکە دروستکردبوو دەریان کردم”.

دڵخوازەكانتان