سامان بەرزنجی: هەرێمی کوردستان ناوەندێکی پزیشکی و زانستییە بۆ بەشەکانی دیکەی عێراق
وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەرێمی کوردستان تەنیا ناوەندێک بۆ چارەسەرکردن بۆ بەشەکانی دیکەی عێراق، بەڵکو ناوەندێکی پزیشکی و زانستییە.
د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی زانستی نەشتەرگەری لە شاری هەولێر، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: “ئێستا هەرێمی کوردستان وەک پێگەی زانستی لەسەر نەخشەی پزیشکی و نەخشەی جیهان، لەلایەنی پزیشکییەوە، پێگەی هەیە لە بوار نەشتەرگەری، لەم چەند مانگەدا ژمارەیەک لە پزیشکانی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا بوون بە ئەندام لە کۆلیژی نەشتەرگەری ئەمەریکی، ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێت هەرێمی کوردستان دانەبڕاوە لە زانست و زانیاری پزیشکی”.
گوتیشی: “پزیشکانی نەشتەرگەری لە هەرێمی کوردستان، خاوەنی ئەزموون و توانای پزیشکین کە جێگەی متمانەی هاووڵاتییانن و هیوادارین پزیشکانمان هەوڵی زیاتر بدەن و هاوکاری زیاتری هاووڵاتییان بن”.
وەزیری تەندروستی، ئاماژەی بەوەشدا: “توانای پزیشکانی کورد لە جیهاندا، ئەگەر زیاتر نەبێت کەمتر نییە، لە توانا پزیشکییەکانی جیهاندا. ئێستا هەرێمی کوردستان تەنیا ناوەندێک نییە، بۆ چارەسەرکردن بۆ بەشەکانی دیکەی عێراق، بەڵکو ناوەندێکی پزیشکی و زانستیشە”.
سەبارەت دابینکردنی پێداویستییە پزیشکییەکان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، سامان بەرزنجی ئاشکرای کرد: “لە ماوەی رابردوودا زنجیرەیەک کۆبوونەوەمان ئەنجامداوە، دوای سەردانمان بۆ لای محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فیدراڵ، بۆ کۆمەڵێک پێداویستی و یەکلا کردنەوەی کێشەکان، بۆ زیاتر بەدواداچوون بەردەوام سەردانی بەغدا دەکەین، بە پێویستمان زانی، کۆبوونەوە لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عیراق بکەین، بە سیفەتی ئەوەی کە سەرۆکی ئەنجومەنی ئابوورییە لە عێراقدا کۆمەڵێک بابەتی هێنان و بردن و رەوشی مۆڵەت و ئەوانەی لە بواری دەرمان و پزیشکین، کە هەرێمی کوردستان دەروازەیەکە بۆ عێراق، کە پەیوەندی بە ئابووری ئەوانەوە هەیە، سەرۆکوەزیرانی عێراق رەوانەی ئەو ئەنجومەنەی کردووە، بۆ ئەوە بەدواداچوون دەکەین”.
ئەوەشی خستەڕوو: “هەندێک پێداویستی دیکە هەیە، کە لە ساڵی 2018دا لە بودجەی عێراق دیارنەکراوە، تەنیا دەرمانیان دیاریکردووە، بەڵام بۆ ئێمە ئامێریش گرنگە، کە چەند ئامێرێکی پزیشکیی ستراتیژییە، حکومەتی عێراق بۆ هەموو پارێزگاکانی عێراق دابینی دەکات، پێمان باشە بەشداربین لەو بودجانە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستانیش لە کۆمەڵیک بابەتی دیکە بێبەش نەکرێت”.