قایمقامی شارۆچکەی دەربەندیخان ڕایگەیاند، بە مەبەستی پاراستنی ئاژەڵە کێوییەکان لە ڕاوکردن بریارمان داوە بۆ ماوەی مانگێک ڕۆیشتنی هاووڵاتییان بۆ سەر شاخی بەرانان قەدەغە بکرێت.
سلێمان محەمەد، قایمقامی دەربەندیخان، ڕایگەیاند: “لەسەر داوا و پێشنیازی پۆلیسی دارستان و ژینگەی دەربەندیخان و بەهۆی (وەرزی جووتبوونی نێر و مێی مەڕ و بزنە کێوی) و لەپێناو سەلامەتیی ژینگەی ئاژەڵە کێوییەکان، بڕیارمان دا بە قەدەغەکردنی هاتوچۆ بۆ سەر شاخی بەرانان و ئەو شوێنانەی ئاژەڵی کێوێ لێیه”.
قایمقامی دەربەندیخان،گوتیشی: “بڕیارەکە بۆ ماوەی یەک مانگە و لەو ماوەیەدا لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی دەربەندیخان بە شێوەی گەڕۆک و کامێرای چاودێری و لە ڕێگەی درۆنەوە چاودێریی شاخەکە دەکرێت و سەرپێچیکار ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەکرێتەوە”.