لە هەولێر بەردی بناغەی دروستكردنی سەنتەرێك بۆ  بێنازان دانرا

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2023.11.16، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان و بریكاری وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی و سەرۆكی فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكومیەكانی حكومەتی هەرێم و سەرۆكی داواكاری گشتی و جێگری كونسڵی وڵاتی كوێت لە هەولێر و سەرۆكی ڕێكخراوی حبا‌وی خێرخوازی كوێتی، لە ڕێورەسمێكدا لە ژێر دروشمی “ئایندەیەكی باشتر بۆ منداڵەكانمان” بەردی بناغەی دروستكردنی پڕۆژەی سەنتەری حبا‌و بۆ چاودێری كردنی بێنازان لە تەمەنی (6) ساڵی تاكو (18) ساڵی، بەگوژمەی (780 هەزار دۆلار) لەسەر ئەركی وڵاتی كوێت لە سەر ڕووبەری (2500 مەتر چوارگۆشە) لەهەولێر دانرا.
لە ڕێورەسمەكەدا پارێزگاری هەولێر، سوپاسی كونسڵخانە و وڵاتی كوێتی كرد بۆ دروستكردی ئەم سەنتەرە لەشاری هەولێر و دەستخۆشی لەسەرۆكایەتی شارەوانی هەولێریش كرد بۆ دابینكردنی ئەرزی پێویست بو دروستكردنی پڕۆژەكە كە دەكەوێتە شوێنێكی گرنگی شاری هەولێر، هەروەها ڕۆڵی ڕێكخراوی حبا‌وی خێرخوازیشی لە هەموو ئەوكارە خێرخوازیانەی لە سنووری پارێزگای هەولێر بە هەماهەنگی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامداوە، بەرزنرخاند.
جێگەی باسە، ئامانج لەم پڕۆژەیە خزمەتكردنی منداڵانی بێنازە بە تایبەتی منداڵانی شەهیدان كە لە بەرگریكردن لە خاك و نیشتمان گیانیان بەخشیووە، هەروەها پڕۆژەكە سەرنج دەخاتە سەر چەند لایەنێك وەك (شیاندن، پەروەردە، ڕاهێنان، پەرەپێدان) لەم پڕۆژەیەدا لە ڕووی پەروەردەییەوە هەوڵدەدرێت لە ڕێگەی بەهێزكردنی خول و فێركردنی ئاكاری گشتی یارمەتیدەرەبن بۆ پاراستنی كۆمەڵگا، ئەوەجگە لە ڕاهێنانی پیشەیی بۆ گەنجان بە پسپۆڕی سەردەمیانەی جۆراوجۆر و  دوای تێپەڕاندنی قۆناغەكانی ڕاهێنانی پیشەییش پاڵپشتی پڕۆژەی بچووكیان دەكرێت، هەروەها چاكسازی دەروونی بێنازان تاكو تێكەڵبنەوە لەگەڵ كۆمەڵگا لە دوا ڕۆژدا ببن بە تاكێكی كاریگەر و سەركەوتوو.

دڵخوازەكانتان